رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی کوردی ئێزدی کە لەکاتی شەڕی داعشدا لە سنووری شنگال لەلایەن داعشەوە رفێندرابوو، دوای نۆ ساڵ رزگار کرا.
رۆژی سێشەممە، 26-12-2023، حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "گەنجێکی ئێزدی رزگار کرا، کە پێش نۆ ساڵ لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندرابوو".
گەنجەکە تەمەنی 19 ساڵە و لەکاتی رفاندنیدا لەلایەن داعشەوە تەمەنی 10 ساڵ بووە؛ قائیدی دەڵێت، "11 کەس لە خێزانی ئەو گەنجە رفێندرابوون؛ ئەمە سێیەم کەسی خێزانەکەیە رزگار بکرێت."
گەنجەکە خەڵکی گوندی سیبا شێخ خدرە لە شنگال. بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش دەڵێت، نایانەوێت ناسنامە و وێنەی گەنجەکە بڵاوبێتەوە، بەهۆی ئەوەی هەوڵەکانیان بۆ رزگارکردنی برایەکی ئەو گەنجە بەردەوامە.
3ی ئابی 2014، چەکدارانی داعش دوای داگیرکردنی موسڵ، شنگال و دەوروبەری و کوشتنی نزیکەی پێنج هەزار کوردی ئێزدی، 6 هەزار و 417 کەسیشیان رفاند. حوسێن قائیدی ئاماژەی بەوەکرد، تاوەکو ئەمڕۆ سێ هەزار و 576 کوردی ئێزدی رزگار کراون.
ژمارەی کوردانی ئێزدی لە عێراقدا پێش شەڕی داعش، نزیکەی 550 هەزار کەس بووە. بەگوێرەی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، ئێستا 135 هەزار و 860 ئێزدی لەنێو کامپەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین و زیاتر لە 120 هەزار کەسیان کۆچیان کردووە بۆ وڵاتانی دەرەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ