یەکێتی داوای پۆستی جێگری پارێزگاری سەڵاحەدین دەکات

26-12-2023
شیراز رەئوف
رووداوی ئەمڕۆ.
رووداوی ئەمڕۆ.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، لە پارێزگای سەلاحەدین لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ دانوستاندن لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگاکە و داوای جێگری پارێزگار دەکەن بۆ پێکهاتەی کورد.
 
کەریم شکور، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق کە هاوکات لەسەر پشکی پارێزگای سەڵاحەدین لە پەرلەمانە و نوێنەری خورماتووە لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا رایگەیاند، "ژمارەی کورد لە پارێزگەی سەڵاحەدین زۆر کەمە، چونکە پێشتر کورد لەو پارێزگەیە راگوێزراوە و ئێستا تەنیا لە سەنتەری قەزای خورماتوو کورد هەن."
 
کەریم شکور ئاشکرای کرد، کورد 13 هەزار دەنگی لە خورماتوو بەدەستهێناوە، ئەمەش زۆرترین دەنگی قەزاکەیە، لەکاتێکدا بەپێی پێشبینییەکان چاوەڕوان دەکرا کورد زیاتر لە 17 هەزار دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڵام بەهۆی فرەلیستی کوردەوە زیاتر لە 3 هەزار دەنگ فەوتان.
 
بە گوتەی کەریم شکور ئەگەر لایەنە کوردستانییەکان پێکەوە بوونایە، کورد دەنگ و کورسی زیاتری بەدەستدەهێنا، "بەڵام فرەلیستی کورد وای کرد دەنگەکان پەرت ببن هەربۆیە بە ناچاریی لە لیستێکی عەرەبیدا بەربژێرمان هەبوو و بەربژێرەکەشمان سەرکەوت.
 
کەریم شکور گوتی: "یەکێتی ئەو کورسییەی پارێزگەی سەڵاحەدین بە کورسی هەموو کورد دەزانێت نەک تەنیا بە هی خۆی، چونکە تاکە نوێنەری کوردە لە ئەنجوومەنی پارێزگەکە."
 
سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی، کەریم شوکر گوتی: "ئێستا لیژنەیەکی 5 کەسیمان پێکهێناوە بۆ دانوستاندن لەبارەی پۆستەکانی پارێزگەی سەلاحەدین و لە دانوستاندنەکاندا بە فەرمی داوای پۆستی جێگری پارێزگاری سەڵاحەدین دەکەین، هەروەها داوا دەکەین پۆستەکانی خورماتوو بە رێککەوتن دابەش بکرێن."
 
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکانی عێراقدا کە رۆژی 18ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو کورد لە پارێزگەی سەڵاحەدین لەناو دوو هاوپەیمانێتی عەرەبیدا بەربژێری هەبوو، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەربژێرەکەی لە هاوپەیمانی جەماهیری وەتەنی و پارتی دیموکراتی کوردستانیش بەربژێرەکەی لە هاوپەیمانێتی حەسمی وەتەنیدا بوو، بەربژێرەکەی یەکێتی بە بەدەستهێنانی 13 هەزار دەنگ سەرکەوت بۆ ئەنجوومەنی پارێزگە.
 
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکابدا، هاوپەیمانیی جەماهیری 5 کورسی و حەسمی وەتەنی دوو کورسی بەدەستهێنا.
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە