لە خانەقین 80 ناوی قەرەبووکردنەوەی مادەی 140 گەڕانەوە

26-12-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە قەزای خانەقین، 80 ناوی قەرەبووی جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراق گەڕانەوە و هەر خێزانێک 10 ملیۆن دیناریان پێدەدرێت. 
 
رەوا سەمیر، بەڕێوەبەری نووسینگەی خانەقینی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە (26-12-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوێنێ دووشەممە، لە بەغدا چەکی بانکی 80 کەس گەڕانەوە بۆ خانەقین کە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستووری عێراق قەرەبوو دەکرێنەوە.
 
راشیگەیاند، مامەڵەی ئەو خێزانانە بۆ ساڵی 2006 دەگەڕێتەوە، "پێشتر مامەڵەکانیان کەموکوڕی تێدابوو، دوای چاککردنەوەی کەموکوڕییەکانیان، دوێنێ ناویان لە بەغداوە گەڕایەوە."
 
رەوا سەمیر گوتی، "ئەمانە هەموویان کوردن، دەتوانن سەردانی نووسینگەی خانەقینی جێبەجێکردنی مادەی 140 بکەن لە گەڕەکی شوهەدا، تاوەکو چەکەکەیان وەربگرن، هەر خێزانێک 10 ملیۆن دیناریان پێدەدرێت".
 
بەڕێوەبەری نووسینگەی خانەقینی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، هێشتا مامەڵەی زۆر ماون لە بەغداوە بگەڕێتەوە و کاری لەسەر دەکەن بۆ ئەوەی قەرەبوو بکرێنەوە کە نزیکەی 17 هەزار دۆسیە بووە."
 
هەر لەوبارەوە، یاسر شاکر، بەرپرسی نووسینگەی پارێزگای دیالەی جێبەجێکردنی مادەی 140 رۆژی سێشەممە (26-12-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هێشتا بەشی دیکەی ناوەکان ماون، چاوەڕوان دەکرێت ناویان لە بەغداوە بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی قەرەبووی مادەی 140 بیانگرێتەوە کە خەڵکی خانەقینن".  
 
 
رۆژی 9-11-2023، نووسینگەی کەرکووکی مادەی 140ـی دەستووری عێراق، لە راگەیێندراوێکدا داوای لە هەزار خێزان کرد کە ناویانی بڵاوکردەوە سەردانیان بکەن بۆ راستکردنەوەی زانیارییەکان و تەواوکردنی ئەو کەموکورتییانەی لە مامەڵەکانیان هەیە، بۆ پێدانی چەکی بانکی پێیان بۆ قەرەبووکردنەوەیان، سەرجەمی ئەو خێزانانەشی ناویان بڵاوکرایەوە عەرەبی ناوەڕاست و باشووری عێراق بوون کە لە چوارچێوەی گۆڕینی دیمۆگرافیی کەرکووک لە سەردەمی رژێمی بەعس هێنراونەتە ناوچەکە.
 
هاوکات کاکەڕەش سدیق، بەرپرسی ئۆفیسی کەرکووکی مادەی 140، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ماوەی جارێک کۆمەڵێک ناوی خێزانەکان بڵاودەکەینەوە بۆ قەرەبووکردنەوەیان، ئەمڕۆ ناوی ژمارەیەک خێزانمان بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوەی بەزووترین کات بێن و سەردانی نووسینگەکەمان بکەن بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان و دواتر قەرەبووکردنەوەیان".
 
 گوتیشی، "تاوەکو ئێستا بەگشتی ناوی دوو هەزار خێزانی عەرەبی هاوردە تۆمارکراون و ناوی 650 خێزانی ئاوارەی کوردیش تۆمارکراون بۆ ئەوەی ئەم ساڵ قەرەبووبکرێنەوە".
 
دەستپێکردنەوەی قەرەبووی مادەی 140 لەکاتێکدایە، بەگوێرەی بەرنامەی وەزاریی حکومەتی سوودانی کە رۆژی 27-10-2022 پەرلەمان دەنگی لەسەر دا، بڕە پارەیەک کە نزیکەی 100 ملیار دینار بوو بۆ مادەی 140 تەرخان دەکرێت و لە ماوەی مانگێکدا دوای پێکهێنانی حکومەت، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەکە پێکدەهێندرێتەوە کە لە ساڵی 2014وە پەکخراوە.
 
رۆژی 10ـی نیسانی 2023، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو 100 ملیارە زۆر کەمە، چونکە ئێمە ئەمجارە بەنیازی بابەتێکی دیکەین لە مادەی 140، ئەویش ئەوەیە کە بۆ یەکەمجارە لەنێوان پێکهاتەکان رێککەوتووین لەسەر بابەتی قەرەبوو بۆ ئەوانەی کە گرێبەستەکانیان هەڵدەوەشێتەوە".
 
بەپێی دەستووری عێراق کە ساڵی 2005 بە زۆرینەی دەنگی خەڵکی وڵاتەکە پەسند کرا، دەبووایە تاوەکو 31-12-2007 مادەی 140 جێبەجێ بکرێت، کە لە سێ قۆناخ پێکدێت، ئاساییکردنەوە و سەرژمێری و گشتپرسی، بەڵام دوای 18 ساڵ تەنیا بەشێکی قۆناخی یەکەمی مادەکە جێبەجێ کراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.