رووداو دیجیتاڵ
دوای راپۆرتێکی رووداو کە باسی لەوە کرد، باوکێک پێنج منداڵی خۆی بردووەتە خانەی نەوجەوانان و گوتوویەتی لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە و ناتوانێت بەخێویان بکات، چەندین کەس داوایان کردووە منداڵە بچووکەکەیان لەخۆ بگرن کە تەمەنی نۆ مانگە. بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتی هەولێریش رێکارەکانی لەخۆگرتنی منداڵ دەخاتەڕوو کە هەموو خێزانێک دەتوانێت داوای بکات.
دوای بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو کە پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو لە هەولێر لە خانەی نەوجەوانان ئامادەی کرد و چیرۆکی منداڵێکی 9 مانگ دەگێڕێتەوە کە لەگەڵ دوو برا و دوو خوشکیدا بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکەیان براونەتە خانەکە، کاریگەری و کاردانەوەی زۆری درووستکرد.
راپۆرتەکە لە کەمتر لە 24 کاژێردا تەنیا لە پەیجی رووداو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک 500 هەزار بینەری هەبووە و چەندین کەسیش لە رێگەی پەیوەندیکردن بە رووداوەوە ئامادەییان دەربڕیوە منداڵە بچووکەکە لەخۆبگرن.
هاوکار ئازاد، یەکێک لەو کەسانەیە کە خواستی بەخێوکردنی ئەو منداڵەی هەیە و ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "12 ساڵە ژیانی هاوژینیم پێکهێناوە و منداڵمان نەبووە. منیش زۆر حەز دەکەم تامی باوکایەتی بکەم و ئەو منداڵە بەخێوبکەم".
هاوکار دەڵێت، ئەو ئامادەیە هەر مەرج و رێکارێکی یاسایی و کارگێڕیی لایەنی پەیوەندیدار هەبێت بۆ لەئەستۆگرتنی منداڵەکە. دەشڵێت، "داواکارم لایەنی پەیوەندیدار ئاسانکاریم بۆ بکەن بۆ لەخۆگرتنی منداڵەکە. ئێمە بەڵێن دەدەین ببینە دایک و باوکێکی میهرەبان بۆی".
پێدانی منداڵ لە خانەکانی چاودێری کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتین بە خێزانی جێگرەوە ئاسان نییە. یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتی هەولێر ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دۆخەکە پێچەوانەوە بووەتەوە. ساڵانی رابردوو منداڵ زۆر بوون و خێزان کەم. ئێستا منداڵ کەمە و خێزانی زۆر هەن لە خۆیان بگرن".
لەبارەی رێکارەکانەوە بۆ بەخێوکردنی منداڵ، بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتی هەولێر گوتی، ئێستا تەنیا لە رێگەی دادگەوە دەتوانرێت منداڵ لەئەستۆبگیرێت و گوتی، کەسەکە دەچێتە دادگەی نەوجەوانان و داوای لەئەستۆگرتنی منداڵەکە دەکات و ئەگەر دادوەر بڕیاریدا، ئەوانیش رادەستی دەکەن و دەتوانێت بەخێوی بکات و گەورەی بکات.
یوسف چاوشین ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەی جێگرەوەی خێزان لە بەرنامەی وەزارەتی کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستاندایە و لە سلێمانی وەکو تاقیکاری کاری پێدەکرێت. روونیشیکردەوە، "لە پڕۆژەی جێگرەوەی خێزاندا بڕیاری دادگەی ناوێت و ئێمە لێرە بڕیار دەدەین خێزانی جێگرەوە بۆ منداڵەکە دیاری بکەین. هەرخێزانێکیش منداڵێک لەخۆ بگرێت نابێتە باوک و دایکی راستەقینەی و تەنیا چاودێری دەکات. بۆ چاودێرییەکەش حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریی خێزانەکە و منداڵەکەش دەکات لە بەخێوکردنەکەدا".
ئەو پێنج منداڵە کەمتر لە هەفتەیەکە لەو خانەیەدا دەمێننەوە. پەیمان ئەمین، چاودێر لە خانەی نەوجەوانانی هەولێر بە رووداوی گوتبوو، "باوکی منداڵەکە گوتی من خێزانەکەم تەڵاق داوە و هەر ئەوەندەی گوت. گوتم گوناهە بۆ لێرەبن و ئەویش گوتی، تەڵاقم داوە و تەواو. ئێمەش وەرمانگرتن".
خانەی نەوجەوانانی هەولێر ئێستا بە هەموو بەشەکانییەوە نزیکەی 70 منداڵی لەخۆگرتووە و خزمەتیان دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ