رووداو دیجیتاڵ
لە رێگەی سەرەکیی هەولێر - دهۆک ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا و بەهۆیەوە گەنجێک گیانی لەدەستدا. گوتەبێژی هاتووچۆی دهۆکیش دەڵیت، رووداوەکە بەهۆی کۆبوونەوەی ئاوەوە بووە.
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2024، کاژێر 06:30ی بەیانی لە رێی سەرەکیی دهۆک - هەولێر ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا و لە ئەنجامدا گەنجێکی 26 ساڵ بە ناوی رەسەن شێرزاد کەماڵ گیانی لەدەستدا.
ئازاد تەها، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەسەر رێگای دهۆک - هەولێر لە نزیک ئۆڤەرپاسی گوندی پەلاسان ئۆتۆمبێلێکێ جۆری تۆیۆتا کۆرۆلا بەهۆی کۆبوونەوەی ئاو لە رێگاکە لە کۆنتڕۆلی شۆفێر دەرچوو و خۆی بە ئۆڤەرپاسەکەدا کێشاوە.
گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی دهۆک پشتڕاستیکردەوە کە لە ئەنجامی رووداوەکە شوفێرەی ئۆتۆمبێلەکە گیانی لەدەستداوە و ناوی رەسەن شێرزادە و تەمەنی 26 ساڵە.
پێشتر، راید شڤان عوسمان، ئەفسەر لە بەشی هاتوچۆی قەزای بەردەڕەش بە رووداوی راگەیاند، "بەهۆی کۆبوونەوەی ئاوی باران لەسەر رێگەکە و خێرایی لێخوڕین، شوفێرەکە کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکەی لەدەستداوە و خۆی کێشاوە بە دنگەی کۆنکریتیی ئۆڤەرپاسی گوندی پەلاسان.
راید شڤان عوسمان گوتی، گەنجەکە، دانیشتووی گەڕەکی زڕکای شاری دهۆکە و بەتەنیا بووە؛ بەرەو هەولێر چووە کاتێک تووشی رووداوەکە بووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە، تەرمەکەی یەکەمجار نێردراوە بۆ فریاکەوتنی ئاکرێ و دواتریش رەوانەی دهۆک کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ