رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای میکس میدیا، تایبەت بە پەخشی نێوخۆیی، پەخشی هەریەک لە کەناڵەکانی (جەزیرە، عەرەبیە و حەدەس)ی راگرت.
رۆژی سێشەممە، 27-01-2026، ئومێد محەممەد حەسەن، بەرپرسی تەکنیکیی کۆمپانیای میکس میدیا، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "کاری ئێمە لە میکس میدیا گواستنەوەی پەخشی کەناڵەکانە، بەڵام لای ئێمە فیلتەر هەیە. ئەو کەناڵانەی لەگەڵ کولتووری کوردستان و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان ناگونجێن، رێگەیان پێ نادرێ."
کۆمپانیای میکس میدیا ئاماژە بەوە دەکات، ئەم شێوازە لە کارکردن لە هەموو وڵاتان هەیە و هەر کەناڵێک هەواڵی ناڕاست بڵاوبکاتەوە قەدەخە دەکرێ، وەک نموونەش باسی لە قەدەخەکردنی کەناڵی (رووسیەل یەوم)ی رووسیا کرد لە بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوا لەو کاتەوەی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا دەستی پێکردووە.
ئومێد محەممەد دەڵێت، بە شێوەیەکی پیشەییانە بەدواداچوونیان بۆ کاری ئەو کەناڵانە کردووە و "بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و دژایەتیکردنی کوردستان، پەخشیان راگیراوە."
کۆمپانیای میکس میدیا، کە خاوەنی 250 بۆ 300 هەزار هاوبەشە لە هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "بە ئەرکی ئەخلاقیی خۆمانی دەزانین هاوبەشانی خۆمان بپارێزین. هەر کەناڵێکیش لە فیلتەری ئێمە لابدات، قەدەخە دەکرێ."
بەرپرسی تەکنیکیی میکس میدیا دەشڵێت، ئەوان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان پەخشیان هەیە و تاوەکو ئێستا کەس گلەیی لە راگرتنی پەخشی ئەو کەناڵانە نەبووە. ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا کاتی دەستپێکردنەوەی پەخشی کەناڵەکان دیار نییە و "چاودێرییان دەکەین و تا ئەو کاتەی پێویست بێت، راگرتنی پەخشەکە بەردەوام دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ