رووداو - قامشلۆ
خێزانێکی ئاوارەی عەفرین لە کاتی هەوڵدان بۆ دەربازبوون لە تەبقا، کەوتنە بەر دەستڕێژی گولـلەی گرووپە چەکدارەکان. لە ئەنجامدا باوکی خێزانەکە شەهید بوو، دایکەکە و بووکەکەشیان بریندار بوون.
مریەم حوسێن، دایکی خێزانەکە بە گریانەوە دەڵێت: "ناچاربووین تەرمەکە بەجێبهێڵین و دوای چوار رۆژ هێنامانەوە."
مریەم حوسێنی تەمەن 62 ساڵ، شوێنی برینەکەی پێشانی کامێرای رووداو دەدات. ئەو رۆژی 17ـی مانگ لەگەڵ 6 ئەندامی خێزانەکەی کە بەشێکیان منداڵ بوون، هەوڵی دەرچوونیان لە تەبقا دا، بەڵام گرووپێکی چەکداری سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا دەستڕێژیی گولـلەیان لێکردن. گولـلە بەر قۆڵی مریەم کەوت و هاوژینەکەشی شەهید کرا.
مریەم بە ئازارەوە دیمەنەکە دەگێڕێتەوە: "ئێمە لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا بووین کە بە چادر داپۆشرابوو، لەناکاو بە هەڕەمەکی تەقەمان لێکرا. تاریکی، دەنگی تەقە و هاواری منداڵەکان هێشتا لە گوێمدا دەزرینگێتەوە. ناچاربووین تەرمی مێردەکەم بەجێبهێڵین و دوای چوار رۆژ هێنامانەوە قامیشلۆ و ناشتمان."
لە هەمان هێرشدا، بووکی مریەمیش فیشەک بەر قۆڵی چەپی کەوتووە. ئەو لە گۆشەیەکی ماڵەکەدا دانیشتووە و هێشتا شۆکی رووداوەکە بەری نەداوە. لەبەر ترسی چەکدارەکان، هیچ کامیان نایانەوێت رووخساریان دەربکەوێت.
هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر خەڵکی سڤیل بەردەوامە و رۆژانە چیرۆکی هاوشێوەی کۆمەڵکوژی و ئاوارەبوون تۆمار دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ