رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، 38 پارتی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارکراون، بەڵام "ناکرێت هەمووان بەشداری هەڵبژاردن بکەن."
رۆژی سێشەممە، 27ـی شوباتی 2024، هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی پارت و رێکخراوەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تائێستا 38 پارتی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پارت و رێکخراوەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارکراون".
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن گوتی، "هەندێک لەو پارتانە کە لای ئێمە تۆمارکراون، لە وەزارتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراون. بڕيارە بۆ ماوەی 10 رۆژ دەرگای تۆمارکردنی پارت و هاوپەیمانییەکان بکرێتەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان".
بەڵام ئەو بەرپرسە پێیوایە "ناکرێت هەموو پارتەکانی هەرێمی کوردستان بەشداری هەڵبژاردن بکەن، بۆیە پێشنیازێکم پێشکێش بە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کردووە، کە بەشداریکردنی پارتەکان لەسەر بنەمای چالاکی سیاسی بێت، هەر پارتێک بارەگا و چالاکی سیایسی نەبێت، بەشداری هەڵبژاردن نەکات".
هەیمان تەحیسن، رۆژی 25ی شوباتی 2024 بە رووداوی گوتبوو رۆژی سێشەممەی رابردوو لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێشنیازیان کردووە لەنێوان 5 بۆ 10ـی حوزەیراندا رۆژێک دیاری بکرێت بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چاوەڕوانی وەڵامی سەرۆکی هەرێمی کوردستانن.
رۆژی 21ى شوباتی 2024 دادگەى باڵاى فیدراڵى بڕیارى لەسەر چەند تانەیەک دا کە لە دژى چەند ماددەیەکى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تۆمار کرابوون.
یەکێک لەو مادانەى بە نادەستوورى زانى، دیاریکردنى 11 کورسی کۆتای پێکهاتەکان بوو لە پەرلەمانى کوردستان، کە پێنج کورسی بۆ کریستیان و پێنجى دیکەیان بۆ تورکمان و یەک کورسیش بۆ ئەرمەنەکان بوو.
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق سەرپەرشتیی هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ