بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین: بەگوێرەی دۆخەکە ئەمڕۆش دەروازەی کێلێ ناکرێتەوە

27-02-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دەروازەی کێلێ بەهۆی رەشەبا و سەرماوە لە دوێنێوە داخراوە. بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین دەڵێت، لە دیوی رۆژهەڵاتی کورستانەوە داخراوە و ئەوان ئامادەن بۆ کردنەوەی.
 
دەروازەی کێلێ لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە سەر بە قەزای پشدەرە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین؛ لە رۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە سەر بە شاری سەردەشتە لە پارێزگای ورمێ.
 
جەوهەر رەسووڵ، بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەروازەکە لە دیوی ئێرانەوە لە دوێنێوە داخراوە؛ ئەمڕۆش دۆخی کەشوهەوا ناجێگیرە و پێشبینییەکانمان وایە ناکرێتەوە و دەکەوێتە سبەی".
 
لە دەروازەکەدا کە نێودەوڵەتی نییە و نیمچە فەرمییە، رۆژانی ئاسایی 100 بۆ 150 بارهەڵگر هاتووچۆی پێدا دەکەن.
 
جەوهەر رەسووڵ گوتی، لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دوێنێ خێرایی با گەیشتووەتە 100 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا، هەر بۆیە لەو دیوەوە بەوانیان گوتووە هەموو هاتووچۆیەک رادەگرن.
 
زۆرترین ئەو کەلوپەلانەی لەو سنوورەوە ئاڵوگۆڕیان پێدەکرێت کاشی، سیرامیک، ئاسن، شیش، سەوزە و میوەن.
 
مەجید غولامنەژاد، بەڕێوەبەری گومرگی سەردەشت، دوێنێ رایگەیاند، دەروازە سنوورییەکە بەهۆی هەڵکردنی بایەکی تووند، دابەزینی پلەی گەرما و پچرانی سیستەمی ئەلیکترۆنی لە سنوورەکە، بە تەواوی داخرا و هەموو چالاکییەکان لە سنوورەکە راگیران.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گومرگی سەردەشت، لە دەروازە سنوورەکە هەروەها "بەهۆی پچرانی سیستەمی ئەلیکترۆنی، هاتووچۆی گەشتیارانیش بە تەواوی راوەستاوە، بۆیە هەموو چالاکییەکان لەو دەروازە سنوورییە بەشێوەی کاتی راگیراون."
 
بەگوێرەی ئاماری گومرکی سەردەشت، لە ماوەی 9 مانگدا واتە لە 21-03-2023 تاوەکو 21-12-2023، 362 هەزار تۆن کەلوپەل، کە بەهاکەیان 129 ملیۆن و 300 هەزار دۆلار بووە لە رێگەی دەروازەی سنووریی کێلێ هەناردە کراوە، کە بەراورد بە ساڵی 2022، ئاستی هەناردەی کەلوپەل لە دەروازەی سنووریی کێلێ 72٪ بەرزبووەتەوە.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.