رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی هەسەدە لەبارەی پەیامەکەی ئۆجەلان بە رووداوی گوت، "بانگەوازی بەڕێز ئۆجەلان بۆ ئێمە نەبوو، بۆ پەکەکە بوو." گوتیشی کە هەڵوێستیان لەبارەیەوە "ئەرێنییە."
مەزڵووم عەبدی لە ڤیدیۆ کۆنفرانسێکدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رایگەیاند، سێ مانگ تێپەڕیوە بەسەر گۆڕانکارییەکانی سووریا و ئەم ماوەیە پڕ بووە لە پێشهات کە کاریگەرییان لەسەر تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەبووە، بێگومان کاریگەریی لەسەر دۆخی نێوخۆیی سووریاش هەبووە. ئێمە لەم کاتەدا رووبەڕووی زۆر ئاڵنگاری دەبینەوە.
مەزڵووم عەبدی بۆ رووداو: بانگەوازی بەڕێز ئۆجەلان بۆ پەکەکە بوو
فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن گوتی: "بانگەوازی بەڕێز ئۆجەلان بۆ پەکەکە بوو، بۆ گەریلاکانی پەکەکە بوو. بەشێوەیەکی راستەوخۆ بۆ ئەم ناوچەیە [رۆژاڤا و سووریا] نەبوو. هەروەک چۆن پەیامی بۆ باشووری کوردستان و هەموو شوێنێکی ناردبوو، بۆ ئێمەشی ناردبوو".
گوتیشی: "من لەو باوەڕەدام ئەگەر ئاگربەست لەنێوان تورکیا و پەکەکە بکرێت، پێویستە لەسەر ئەم هەرێمەی ئێمەش رۆڵی ئەرێنی بگێڕێت و چۆن پرۆسەی ئاشتی پێشدەکەوێت بەو شێوەیە رۆڵ بگێڕێت."
ئایا ئەمریکا لە رۆژئاوا دەکشێتەوە؟
رووداو پرسیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە فەرماندەی گشتی هەسەدە کرد، ئەو لە وەڵامدا گوتی: "ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە فەرمی هیچ شتێکیان لەبارەی کشانەوە بە فەرمی بە ئێمە نەگوتووە، نە ئەرێنی و نە نەرێنی قسەیان نەکردووە بەڵام تاوەکو ئێستا لێرەن. بەڵام بە بڕوای من بە کشانەوەیان بۆشاییەکی گەورەی ئەمنی دروست دەبێت و ئێمە پێویستمان بە هێزەکانی ئەمریکا هەیە، ئەگەر بکشێنەوە پشێوییەکی ئەمنیی گەورە دروست دەبێت."
"شەڕ لە ناوچەکەی ئێمە نەوەستاوە"
فەرماندەی گشتیی هەسەدە گوتی: "وێڕای ئەوەی لە ناوچەکانی دیکەی سووریا شەڕ وەستاوە، بەڵام لە ناوچەکانی ئێمە نەوەستاوە، چونکە گرووپەکانی سەر بە تورکیا و سوپای نیشتمانی هێرش دەکەنە سەر هێزەکانمان و رۆژانە شەهیدمان هەیە."
"دوێنێش 12 شەهیدمان هەبوون، لەنێویاندا شەش سڤیل. کاری لەپێشینە بۆ ئێمە لەم کاتەدا ئەوەیە کە شەڕ بوەستێت و ئاسایش و سەقامگیری سەرانسەری وڵات بگرێتەوە و ژمارەیەک وڵاتی سێیەم وەک نێوەندگیر هەوڵدەدەن تورکیا رازیبکەن شەڕ بوەستێنێت، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتن."
عەبدی دەڵێت: "بێگومان ئەم هێرشانەی دەکرێن، کاریگەریی گەورەیان هەیە لەسەر ژێرخان، خەڵکی سڤیل و لە هەموویشی سەرەکیتر، کاریگەریی هەیە لەسەر گفتوگۆی سووری و شەڕی دژی داعش."
دانوستاندنی نێوان هەسەدە و حکومەتی نوێی سووریا
فەرماندەی گشتیی هەسەدە، لە بەشێکی قسەکانیدا باسی گفتوگۆی لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا کرد و گوتی: "لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا گفتوگۆی ئێمە لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە بەردەوامە. هەڵوێستمان زۆر روونە، دەمانەوێت بە گفتوگۆ پرسەکان چارەسەربکرێن."
گوتیشی: "تاوەکو ئێستا لە نێوان ئێمەدا هیچ رووبەڕووبوونەوەیەک نییە. هاوئاهەنگیمان هەیە بۆ ئەوەی رووبەڕووبوونەوە دروست نەبێت. هەروەها هەوڵدەدەین بۆ ئەوەی بە گفتوگۆ بگەینە چارەسەر."
هەسەدە و دیمەشق لەسەر چی کۆک و ناکۆکن؟
مەزڵووم عەبدی دەڵێت: "بێگومان ئێمە لەسەر پرسە بنچینەییەکان، هاوڕاین، لەوانە لەسەر یەکێتیی خاکی سووریا و هەبوونی یەک سوپای یەکگرتوو و هەبوونی دامەزراوەکانی دەوڵەت. بەڵام لەسەر ئەوەی کە ئەم ناوچەیە، باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە داهاتووی سووریا دا چۆن دەبێت، شێوازی بەڕێوەبردنی چۆن دەبێت، هەندێ ناکۆکیمان هەیە و دەمانەوێت چارەسەریان بکەین."
"بەڵام وەک خۆتان دەزانن، بەم دواییانە کۆنگرەی گفتوگۆی نیشتمانی کرا، بەڵام نوێنەرانمان بانگهێشت نەکران، ئەو هێزە سیاسییانەی نوێنەرایەتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکەن، بانگێشت نەکران."
دەڵێت: "پێمانوایە ئەمە وادەکات ئەم پڕۆسە سیاسییەی ئێستا هەیە، لە رووی نوێنەرایەتیکردنەوە کەموکوڕی هەبێت، چونکە نوێنەری پێکهاتە جیاجیاکان و گرووپە کۆمەڵایەتییەکان، لە نێویاندا گەلی کورد، بانگێشت نەکرابوون."
"ئێمە ئامانجمان ئەوە نییە دژایەتی ئیدارەی نوێی سووریا بکەین. بە پێچەوانەوە، دەمانەوێت هاوبەشییان بین و لە بونیادنانەوەی سووریا لەگەڵیان بەشداربین. هیوادارین کە هاوبەشانمان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا یارمەتیمان بدەن بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە."
مەزڵووم عەبدی: بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ شام رای خەڵک وەردەگرین
فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەڵێت: "ئێمەش بۆ ناوچەکانی خۆمان، لە بەرنامەماندایە گفتوگۆیێکی خۆجێی رێکبخەین بۆ ئەوەی گوێ لە رای خەڵکی ناوچەکە بگرین لە درێزەروو، رەقە و تەواوی ناوچەکانی دیکە، بۆ ئەوەی بڕیاربدەین و بزانین بە چ شێوازێک لەگەڵ سووریای نوێ مامەڵە بکەین."
"جموجۆڵی داعش زیاتر بووە"
مەزڵووم عەبدی، باسی داعشی کرد و پەترسییەکانی نەشاردەوە. "شەڕی دژی تیرۆر و داعش بۆ ئێمە گرنگە، بەم دواییانە مەترسیی داعش زیاتربووە، سوودیان لە کەلێنەکان وەرگرتووە و جموجوڵیان زیاتر بووە. مانگی رابردوو، نزیکەی پازدە هاوڕێمان لە هێرشەکانی داعشدا شەهید بوون. هێرشەکانی داعش زیاتر بوون و مەترسییان بەردەوامە. ئەمەش پێشانیدەدات کە پێویستە هاوبەشیمان لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەهێزتربکەین."
"ئەگەر ئەمریکا بە جیدی رۆڵی خۆی نەگێڕێت، گرفتەکان بەردەوام دەبن"
فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەڵێت: "هاوئاهەنگیی نێوان ئێمە و هێزەکانی ئەمریکا باشە، هێزەکانمان پێکەوە هاوئاهەنگی دەکەن لە شەڕکردن دژی تیرۆر، ئەمەش کاریگەریی لەسەر داعش و پاراستنی زیندانەکان هەیە کە داعشیان تێدایە."
"بەڕاستی هاندانێک لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە هەیە بۆ دانوستاندن و تەنانەت هانی شامیش دەدەن بۆ ئەوەی دانوستاندنەکان پێشبکەون، بەڵام ئەوەی ئێمە هیوای بۆ دەخوازین ئەوە زووتر بکرێت.
دەشڵێت: "ئێمە دەزانین لەلایەنی دیکەشەوە گوشارێکی زۆر لەسەر ئیدارەی شام هەیە، ئێمە لەو باوەڕەداین کە کێشەکان زووتر چارە بکرێن و گوشار بخرێتە سەر شام بۆ ئەوەی مەبدەئی گفتوگۆ قبووڵ بکات. ئەگەر ئەمریکا بە جیدی رۆڵی خۆی نەگێڕێت، بڕواناکەم دانوستاندنەکان پێشبکەون و گرفتەکان بەردەوام دەبن."
هەسەدە دەچێتە نێو سوپای سووریاوە؟
مەزڵووم عەبدی، هیوا دەخوازێت هەسەدە لە سووریای داهاتوودا هەبێت. "دەزانین وەکو ئێستا و پێشوو نامێنێ، ئێمە لە ساڵانی رابردوودا ناچاربووین جیابینەوە چونکە رژێمی ئەسەد ئێمەی رەتدەکردەوە و تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنیش ئێمەیان رەتدەکردەوە، بەڵام دەزانین ئێستا سووریایەکی نوێ ئاوا بووە، دەوڵەتێکی نوێ دروست دەکرێت، با هەسەدەش لە سوپای سووریای نوێدا جێی خۆی بگرێت."
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوەی ئێمە جەختی لێ دەکەینەوە ئەوەیە کە هەسەدە خەباتێکی زۆری کردووە و هێزی ئەمریکا مەشقی پێکردووە، لە دژی داعش خەباتێکی زۆر گەورەی کردووە، دەخوازین هەسەدە خۆی لەنێو سوپای سووریای نوێدا ببینێتەوە."
"هەسەدە سوپای سووریا بەهێزتر دەکات"
فەرماندەی هەسەدە دەڵێت: "ئەوەی ئێمە نایخوازین ئەوەیە کە هەسەدە هەڵبوەشێتەوە، بەپێچەوانەوە پێمانوایە هەسەدە سوپای سووریا بەهێزتر دەکات. بەڵام شێوازی چۆنێتی چوونمان بۆ نێو سوپای نوێ ماوەتەوە سەر دانوستاندنمان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری."
مەزڵووم عەبدی: لەگەڵ یەکێتیی خاکی سووریاداین
مەزڵووم عەبدی جەخت لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکات و دەڵێت: "ئێمە کە داوای سووریایەکی ناناوەندی دەکەین، بەوە تۆمەتبارمان دەکەن کە هەوڵی پارچەکردنی سووریا دەدەین، دەمەوێ ئەوە بڵێم کە ئێمە لەگەڵ یەکێتیی خاکی سووریاداین و بە دڵنیایی دابەشکردنی دەوڵەتی سووریامان ناوێ، هیوادارین سووریا سوپا و لەشکرێکی خۆی هەبێت، پایتەختێکی خۆی هەبێت."
"ئەوەی ئێمە دەمانەوێ ئەوەیە کە هەندێک دەسەڵاتی پایتەخت شۆڕ بکرێنەوە بۆ پارێزگاکان و حکومەتێکی خۆجیی هەبێت."
10هەزار داعش لە زیندانەکانی هەسەدە ماون
لە بەشێکی قسەکانیدا، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماری داعشە زیندانیکراوەکانی ئاشکرا کرد و نەیشاردەوە کە داعش بەرەبەرە بەهێز دەبێتەوە.
ئەو گوتی: "26 زیندانی داعشمان هەن و نزیکەی 10 هەزار داعشیان تێدایە کە بەشێکیان بیانی و بەشەکەی دیکەیان سوورین، ئێمە زۆر هەوڵدەدەین ئەو زیندانییانە بپارێزین و تاوەکو ئێستا پاراستوومانن، لە هەر شوێنێکیش مەترسیی داعش هەبێت دەیانگوازینەوە و نامانەوێ لەسەر کەسی دیکەش ببنە مەترسی."
گوتیشی: "ئێستا داعش بەهێزتر دەبێت، زۆر هۆکار هەن وابکەن داعش بەهێزتر ببن، داعش سوودی لە بۆشایی ئەمنی بینی و چەکی دەستکەوت. داعش تەنیا لە چۆڵەوانی نییە بەڵکو دەچێتە نێو شارەکانیشەوە، چووبووە نێو زۆر شاری رۆژئاوای سووریاوە کە لە دەستی حکومەتی سووریادا بوو، لە هەرێمی ئێمەش چالاکی داعش زیاد بووە و 15 هەڤاڵی ئێمەیان شەهید کردووە، بۆیە پێویستە مەترسییەکانی داعش بە جیدی وەربگرین."
شەڕی هەسەدە و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی تورکیا
مەزڵووم عەبدی گوتی: "لە شەڕی نێوان هەسەدە و ئەو گرووپە چەکدارانە [تورکیا پاڵپشتییان دەکات] ئەمریکا رۆڵێکی چالاک دەگێڕێت و بەردەوام لە هەوڵدان لەنێوان ئێمە و تورکیادا، زۆر پێشنیاز و دیالۆگیش هەن و دەخوازن ئەو شەڕە بوەستێنرێت، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا بەو ئەنجامە نەگەیشتووە کە ئێمە دەمانەوێت."
"تائێستا پێدانی ماف بە کورد تەنیا قسەیە"
مەزڵووم عەبدی نایشارێتەوە کە هەوڵەکانیان لەگەڵ حکومەتی شام بەردەوامە و زۆر هێزی وڵاتان و ئەمریکا نێوەندگیرن. "بەڕاستی تاوەکو ئێستا نەگەیشتووینەتە ئەنجامێک، ئەوەی پەیوەستە بە گەلی کورد و گەلی سووریاوە، تەنیا لە ئاستی ئاخاوتندایە و پێدانی مافی کورد تەنیا قسەیە و گەرەنتییەکی دەستووری نییە، ئێمە دەمانەوێت رێککەوتنی فەرمیی نووسراو لەوبارەوە بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ