رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى دەرەوەى عێراق، باڵیۆزى میسر، ئوردن و فەلەستین بانگهێشت دەکات، لەدواى ئەوەى ئەو وڵاتانە راگەیێندراویان لەبارەى دۆسیەى سنوورى دەریایی عێراق و کوەیت بڵاوکردەوە و تێبینى بەغداى لەبارەى هەڵوێستەکانیان پێ گەیاندن.
هەر سێ میواندارییەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ى شوباتى 2026 بە جیا لە وەزارەتى دەرەوەى عێراق کراون.
محەممەد حوسێن بەحرولعلووم، بریکارى وەزارەتى دەرەوەى عێراق بۆ کاروبارى دوولایەنە، میوانداریى ئەو سێ بەرپرسەى کردووە کە سەمیر عەبدولرەحمان، باڵیۆزى فەلەستین، ئەحمەد سەمیر حیلمى، باڵیۆزى میسر و ماهر تەڕاونە، باڵیۆزى ئوردن لە عێراق بوون.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى وەزارەتى دەرەوەى عێراق، میوانداریکردنى ئەو سێ باڵیۆزە بەهۆى ئەوەوە بووە حکومەتى وڵاتەکانیان راگەیێنراویان لەبارەى رادەستکردنى نەخشەى سنوورى دەریایی عێراق لەگەڵ کوەیت بڵاوکردووەتەوە و بەرپرسەکەى ئەو وەزارەتە تێبینیى خۆى لەبارەى راگەیێندراوەکانیان پێگەیاندوون و ئاماژەى بەوەداوە کە لەو هەڵوێستەیاندا بۆچوونى عێراقیان بەهەند وەرنەگرتووە.
21ى شوباتى 2026 وەزارەتى دەرەوەى عێراق نەخشەى پۆتانی سنوورە دەریاییەکانى رادەستى نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کوەیت و چەند وڵاتێکی دیکەى عەرەبی و کەنداو ناڕەزایەتییان لە دژى ئەو هەنگاوەى عێراق دەربڕى بەپاساوى ئەوەى "مافى کوەیتی لەو نەخشانەدا پێشێل کردووە".
ئوردن و میسر و فەلەستین لەو وڵاتانە بوون کە پشتیوانیى هەڵوێستى کوەیتیان کرد لەبارەى ئەو نەخشانەى عێراق رادەستى کردبوون.
بەگوێرەى وەزارەتى دەرەوەى عێراق باڵیۆزى فەلەستین لەو میواندارییەدا رایگەیاندووە کە 24ى شوبات راگەیێنراوێکیان بڵاوکردووەتەوە و دواى ئەوەى کاردانەوەى نەرێنیى هەبووە، رۆژێک دواتر راگەیێنراوێکى دیکەیان هەبووە و تێیدا ئاماژەیان بەوەداوە کە دەست لە کاروباری وڵاتانی دیکە وەرنادەن.
باڵیۆزى میسریش ئاماژەى بەوەداوە کە راگەیێنراوەکەیان بەهۆى پەرۆشییان بووە بۆ پاڵپشتیى سەقامگیرى و ئاسایشى عێراق و کوەیت، باڵیۆزى ئوردنیش رایگەیاندووە کە تێڕوانینى وەزارەتى دەرەوەى عێراق لەبارەى ئەو پرسە دەگەیێنێتە وەزارەتى دەرەوەى وڵاتەکەى.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ