کۆمیسیۆنی عێراق بۆ رووداو: پابەندین بە کاتی دیاریکراوی هەڵبژاردن

27-03-2024
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت، ئەوان پابەندن بەو کاتەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، شەوی چوارشەممە، 27-03-2024، لە بووڵتەنی کاژێر 20:00 بە کاتی هەولێر .رایگەیاند، "لەبارەی پرسی هەڵبژاردن، کۆمیسیۆن لەگەڵ حیزبەکان کۆنابێتەوە"
 
هەروەها گوتیشی، "تائێستا پارتی و یەکێتی لیستی بەربژێرەکانیان پێشکێش نەکردووە، دوو هاوپەیمانیێتی و چەند حیزبێک لیستی بەربژێرەکانیان پێشکێش کردووە."
 
جومانە غەلای لەبارەی داخستنی دەرگەی خۆتۆمارکردنی بەربژێران ئاماژەی بەوەکرد، "سبەی [پێنجشەممە، 28-03-2024] دەرگەی خۆتۆمارکردن دادەخرێت و وادەکەشی درێژ ناکرێتەوە."
 
هاوکات، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "سبەی یەکێتی ناوی بەربژێرانی رادەستی کۆمیسیۆن دەکات." و چاوەڕێ دەکەن هەموو حیزبەکانی دیکەش هەمان کار بکەن، "چونکە ئێمە بە هەڵبژاردن دەتوانین قەوارەی هەرێمی کوردستان بپارێزین و بەهێزی بکەین، بێگومان ئەو بڕیارانەشی لە بارەی هەڵبژاردنەوە دراون، بڕیاری دادگای فیدراڵین و دەبێت جێبەجێیان بکەن."
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 10ـی حوزەیرانی داهاتوو بکرێت. هەڵبژاردنەکە بێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسیەکی دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان.
 
پێشووتر 15 پارتی کریستیان لە دوو راگەیێندراوی جیادا بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، ئەو هەڵوێستەیان وەک رەتکردنەوەی ئەو دیفاکتۆیەیە کە سەپێندراوە بەسەر کریستیانەکان لە رێگەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و هەموارنەکردنی یاسای هەڵبژاردن و تایبەتنەکردنی دەنگدان لەنێو پێکهاتەکەدا.
 
هەروەها لە 12ـی ئاداردا 10 حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە هەمان هۆکار بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و رایانگەیاند، "تاوەکو ئەو کاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن."
 
3ـی ئادار، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.