بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر سلێمان هەڵشۆیی نۆرە گیراوە

27-04-2021
راوچی حەسەن @Rawchihasan
نیشانەکردن سلێمان هەڵشۆیی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە کۆتایی مانگی 12ی ساڵی رابردوو تاوەکو ئێستا هەزار و 300 کەس ناوی خۆیان نووسیوە بۆ ئەوەی لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین سکاڵا لەسەر سلێمان هەڵشۆیی تۆماربکەن. گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە رووداوی راگەیاند، 900 کەس وتەیان لێوەرگیراوە و 19 کەسیش بە بڕیاری دادگە دەستگیرکراون.
 
سلێمان هەڵشۆیی، کە وەک بازرگان لە دەڤەری بیتوێن و پشدەر خۆی ناساندبوو و رۆژی 20-12-2020  "مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند و دواتر لەلایەن هێزێکی ئاسایشەوە بۆ پاراستنی گیانی لە ماڵەکەی برایە دەرەوە و ئێستا بە بڕیاری دادوەر لە بەشی گرتن و گواستنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین دەستبەسەرە. 
 
شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەسەر دۆسیەی سلێمان هەڵشۆیی تاوەکو ئێستا "900 کەس وتەیان لێوەرگیراوە" کە بەگوتەی خۆیان سلێمان هەڵشۆیی پارەی ئەوانی خواردووە. دەشڵێت "ژمارەی ئەو کەسانەی کە ناوی خۆیان بۆ تۆماکردنی سکاڵا دژی سلێمان هەڵشۆیی نووسیوە گەیشتووەتە هەزار و 300 کەس."
 
لە سەرەتای رووداوەکە تاوەکو ئێستا چەند کەسێک لەسەر دۆسیەی سلێمان هەڵشۆیی دەستگیرکراون کە "هاوکاربوون لە مامەڵەکردن لەگەڵ سلێمان هەڵشۆیی"، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەڵێت "تاوەکو ئێستا 19 کەس بە بڕیاری دادوەر راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە."
 
سلێمان ئیسماعیل سلێمان ناسراو بە "سلێمان هەڵشۆیی"، لە مانگی 12ی2020 مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند، بە گوتەی بەشێک لەوانەی قەرزیان لای سلێمانە، ئەو بازرگانە بەشێوازی قیست ئۆتۆمبێل، دەمانچە، ئاژەڵ و کەلوپەلی دیکەی وەرگرتووە و پێی گوتوون، دوای چەند مانگێک پارەیەکی زیاتریان دەداتێ.
 
کاتێک بەهای ئۆتۆمبێلی کەسێک 10 هەزار دۆلار بووە، سلێمان بە 15 هەزار دۆلار وەری گرتووە، بەڵام بەو مەرجەی لە ماوەیەکی دیاریکراودا بۆ نموونە؛ چوار مانگ پارەکەیان پێبدات.
 
زیاتر لە چوار مانگە لەسەر ئەو کەیسە، پۆلیسی ناوچەکە سلێمان هەڵشۆیی بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستبەسەر کردووە، تاوەکو ئێستاش 1300 کەس سکاڵایان لەسەر ئەو بازرگانە تۆمارکردووە. ئێستاش ئەوانەی موڵک و ماڵ و پارەیان بە سلێمان هەڵشۆیی داوە، چاوەڕێی وەڵامی دادگە دەکەن بۆ ئەوەی بزانن چارەنووسی ئەو موڵک و ماڵ و پارەیەی بەو بازرگانەیان داوە چی لێهاتووە.
 
رۆژی 20-12-2020 رزگار ئیسماعیل، برای سلێمان هەڵشۆیی لە کاتی بەشدارییکردنی لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداوی کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی کە براکەی پارەی خەڵکی لەکاتی خۆیدا داوەتەوە،  بەڵام ئەو هەمیشە دەیگوت کە "ئەو پارەی لێت وەردەگرم ئاگرە و دەتوانی پێمنەدەی". 
 
براکەی سلێمان هەڵشۆیی ئەوەشی گوت کە خەڵک زۆر هەراسانیان کردبوو بۆ ئەوەی پارەی پێبدەن و "خەتای خەڵکەکە خۆیەتی نەک براکەم. خەڵکیش هەیە نۆرەی کڕیوەتەوە بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ سلێمان بکات. بلیتی نۆرەی بیننی سلێمانیش بە 100 دۆلار فرۆشراوەتەوە." 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە