یەکێتیی خانەنشینان: ئەم مانگە نزیکەی 1600 مامەڵەی خانەنشینان تەواو کراوە و مووچە وەردەگرن

27-04-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەم ساڵ لەدایکبووانی سێ ساڵ پێکەوە خانەنشین بوون کە ژمارەیان دەگاتە 30 هەزار کەس. گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان دەڵێت: "بەهۆی کەمیی کارمەندەوە مامەڵەکانیان زۆر بەخاوی بەڕێوەدەچێت".
 
بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو لە عێراق، ئەم ساڵ لەدایکبووانی ساڵەکانی 1962، 1963 و 1964 لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون. بەپێی ئاماری یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، ژمارەی ئەوانەی خانەنشین بوون دەگاتە 30 هەزار کەس.
 
سادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو کارمەندانەی مامەڵەی خانەنشینان بەڕێوەدەبەن ژمارەیان کەمە و بەوشێوەیە بێت تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ مامەڵەی هەموو خانەنشینان تەواو ناکرێت، تاوەکو مامەڵەکانیشیان تەواو نەکرێت مووچە وەرناگرن".
 
زۆرینەی ئەوانەی ئەم ساڵ خانەنشین بوون، چوار مانگە نە وەکو فەرمانبەر و نە وەکو خانەنشین هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە.
 
گوتەبێژی یەکێتی خانەنشینان گوتی: "لە تەواوی هەرێمی کوردستان ئەم مانگە تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی هەزار و 600 مامەڵەی خانەنشینان تەواو کراوە".
 
بەگوێرەی بەدوادچوونی رووداو، لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا مامەڵەی زیاتر لە 5 هەزار خانەنشینی دیکە تەواو کراوە. سادق شێخ عوسمان دەڵێت: "ئەوانەی مامەڵەکەیان تەواو دەکرێت، مووچە هەموو ئە مانگانە پێکەوە وەردەگرن کە وەریاننەگرتووە".
 
ئیستا وەکو هەنگاوێک بۆ خێراکردنی مامەڵەی خانەنشینان، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەشنینی بڕیاریداوە، هەر خانەنشینێک لە پارێزگاکەی خۆی مامەڵەکانی تەواو بکرێت، پێشتر دەبوو هەموو مامەڵەکان ببرێنە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی لە هەولێر.
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022، حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، ژمارە 9ی ساڵی 2014 پابەند کرد، بەڵام تاوەکو مووچەی مانگی تەممووزی 2024 جێبەجێ نەکرا.
 
ئەم ساڵ تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگەکانی یەک و دوو سێ دابەشکراوە. بەڵام مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو دابەش نەکراوە، بۆ ئەوەش حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەغدا بە نەناردنی پارە تۆمەتبار دەکات و بەغداش رەتیدەکاتەوە.
 
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 312 هەزار خانەنشین هەن، 164 هەزار خانەنشینی شارستانی و 148 هەزاریشیان خانەنشینی سەربازین.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.