دیوانی شاهانەی ئوردن: شا عەبدوڵڵا و نێچیرڤان بارزانی پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان تاوتوێ کرد

27-04-2025
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دیوانی شانشینی هاشمیی ئوردن راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی شا عەبدوڵڵا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رێگەکانی پتەوکردنی هاریکاریی نێوان هەردوولا لە چەند بواردا تاوتوێ کران.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، دیوانی شاهانەی ئوردن راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، "شای ئوردن عەبدوڵڵای دووەم، لە کۆشکی حوسەینیە، پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق کرد."
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، لە چاوپێکەوتنەکەدا پەیوەندییە دۆستانەکەی نێوان ئوردن و عێراق و رێگەکانی پتەوکردنی هاوکاری لەنێوان شانشین و هەرێمی کوردستان لە چەندین بواردا تاوتوێ کران.
 
شای ئوردن جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیشتن بە هێورکردنەوەیەکی گشتگیر لە ناوچەکەدا، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری.
 
 
لە چاوپێکەوتنەکەدا، شازادە عەلی کوڕی حوسێن، سەرۆکی شاندی شەرەفی هاوەڵی میوان  ئامادەبوو، باسی دیارترین پێشهاتەکانی ناوچەکە کرا، بەتایبەتی لە غەززە، کەناری رۆژئاوا، سووریا و لوبنان.
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرۆک [نێچیرڤان] بارزانی سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆی دەربڕی بۆ هەڵوێستەکانی ئوردن لە پشتگیریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان، کە بەرجەستەکەری پەیوەندییە مێژوویی و برایانەکانە.
 
لە چاوپێکەوتنەکەدا ئەیمەن سەفەدی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە ئەندازیار عەلا بەتاینە، بەڕێوەبەری نووسینگەی پادشا، عومەر بەرزنجی، باڵیۆزی عێراق لە ئوردن و شاندی هاوەڵی میوان ئامادە بوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

خۆڵبارین لە شاری هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر- ئەرشیفی رووداو

کەشناسیی عێراق: سبەی خۆڵبارین لە هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت

شەپۆلێکی خۆڵبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. دەستەی کەشناسیی عێراق دەڵێت، سبەی شەپۆلەکە کۆتایی دێت. کەشناسی هەرێمی کوردستانیش پێشبینی بارانبارین دەکات.