فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق: ئەوەی یەکێتی لە بودجەدا کردی هیچی لە خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر کەمتر نییە

27-05-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق باس لە دەستکاریکردن و گۆڕانکاری لە ماددەکانی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق دەکات و دەڵێت، "ئەوەی یەکێتی لە بودجەدا کردی هیچی کەمتر نییە لە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر." 
 
رۆژی پێنجشەممە 25-05-2023، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەستکاری بڕگەی تایبەتی بە هەناردەی نەوتی کوردستانی لە رەشنووسی بودجەی عێراق کرد و بەتەواوەتی گۆڕی.
 
بەپێی گۆڕانکارییەکە دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بەبێ کێڵگەکانی ناوچە کوردستانییەکانی کەرکووک و نەینەوا رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، گۆڕانکاریی دووەم بریتییە لەوەی ئەو نەوتەی رادەستی سۆمۆ دەکرێت، بەڵام مەرج نییە بۆ هەناردەکردن بێت، دەتوانرێت بۆ پڕکردنەوەی پێویستی ناوخۆ لە سووتەمەنیش بەکاربهێندرێت.
 
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، "دژی ئەم نادادی و غەدرە گەورەیە دەوەستینەوە کە لە خەڵکی کوردستان دەکرێت و هەوڵەکانمان لەپێناو چەسپاندنی مافە رەواکانی گەلەکەمان بەگەڕ دەخەین." 
 
"ئەوەی بۆ ئێمە جێگەی سەرسوڕمانە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جارێکی دیکە وەکو تەنها حیزبی کوردی دەنگی خۆی خستە پاڵ ئەو دەنگانەی کە دژی مافە یاسایی و دەستووریەکانی خەڵکی کوردستان وەستانەوە، بۆ ئەم دژ وەستانەوەشیان بەرامبەر مافە دەستووری و یاساییەکانی خەڵکی کوردستان دەیانەوێت پاساو بەوە بهێننەوە گوایە پشتگیری گەڕانەوەی بەشێک لە مووچە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەرانی کوردستان دەکەن؛ ئەمە خۆڵکردنە چاوی خەڵکە و دەمانەوێت بۆ هەموو لایەکی روونبکەینەوە کە ئەگەر یاسای بودجە وەکو ئەوەی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، یەکێتیی نیشتیمانی و هەندێک لایەنی دیکە دەنگیان بۆ داوە تێبپەڕێت، نەک پاشەکەوت ناگەڕێتەوە، بەڵکو چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە مەترسییەکی گەورەوە." 
 
هۆکاری یەکەمی پاشەکەوتکردنی بەشێک لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی روونکردنەوەکە، "بۆ بڕینی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە دەگەڕێتەوە، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئێمەش لە فراکسیۆنی پارتی لە هەوڵی جیدیدا بووین بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق پابەندێتی خۆی سەبارەت بە دانەوەی بەشێک لە مووچەی پاشەکەوتکراوی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان جێبەجێبکات، لە دۆخێکدا ئەگەر حکومەتی عێراقی ئەم پابەندییە ئەخلاقییەی خۆیشی جێبەجێ نەکردایە، بەدڵنیاییەوە لە داهاتوو حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی پلانی بۆ دانەوەی پاشەکەوتی فەرمانبەرانی دەبوو." 
 
فراکسیۆنی پارتی دەڵێت، "ئەمەی یەکێتی و نەیارانی هەرێمی کورستان کردوویانە پیلانێکی ژەهراوییە دژی هەرێمی کوردستان و هیچی لە خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر کەمتر نییە." 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە بەرنامەی ئەمشەوی لەگەڵ رەنج لە 30 خولەک 800 ملیۆن دینار کۆکرایەوە.

خێرخوازان لەڕێی رووداوەوە 6,687,870,000 دیناریان بەخشییە زیانبەرکەوتووانی لافاو

بۆ دووەم شەو لەسەر یەک رەنج سەنگاوی، پێشکەشکاری رووداو بەردەوام بوو لە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو لە باشووری کوردستان، ئەمشەویش چوار سەرمایەدار کۆی گشتی 800 ملیۆن دیناریان بەخشی.