گۆڕان داوای کۆبوونەوەی لووتکەی لایەنەکان دەکات: هیچ کۆبوونەوەیەکى کۆمیسیۆن بە پێویست نازانین

27-05-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بزووتنەوەی گۆڕان داوای کۆبوونەوەی لووتکەی پارتە سیاسییە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات؛ دەشڵێت، "بۆ رێگەنەدان بە پێشێلکردنى یاسا و بنەماکانى سازانى نیشتمانى، هیچ کۆبوونەوەیەکى کۆمیسیۆن بە پێویست نازانین."
 
لە "دەستپێشخەرییەک"دا بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوە کردووە، "پاش چەندین هەوڵى بزووتنەوەکە بۆ هێورکردنەوەى دۆخى سیاسیی هەرێمى کوردستان و چارەسەرى ناکۆکییەکان لەڕێگەى دامەزراوە فەرمییەکانەوە، جارێکى دیکە پرسى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردن و راپرسیى کوردستان لێکترازانێکى دیکەی دروستکرد."
 
بزووتنەوەکە دەڵێت، لە 31-03-2021دا پرۆژەیەکیان بۆ هەموارى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پێشکێشکرد و داواى کاراکردنەوەى کۆمسیۆنیان کرد لەپێناوى هەڵبژاردنێکى پاک و بێگەرد لەکاتى یاسایی خۆیدا، "بەڵام بۆ ئەم پرسە هیچ هەنگاوێکى پراکتیکى نەنرا. دواجار پێنج لایەنى سەرەکى لە 11-03-2023 رێککەوتنێکیان واژۆ کرد، کە ئەم دوو پرسە رەهەندى نیشتمانییان هەیە و پێویستە بە سازان و هاوتەریب هەموار و کارا بکرێنەوە."
 
هەروەها بزوتنەوەى گۆڕان دەڵێت، "سیاسەتى سەربەخۆى خۆیان هەیە، کە پێداگرییە لە بنەما یاساییەکان و گەڕانەوەى شکۆ بۆ دامەزراوەکان، بۆ رێگەگرتن لە بەردەوامیى ئەم دۆخە و لێکترازانى زیاتر، هەروەها رێگەنەدان بە پێشێلکردنى یاسا و بنەماکانى سازانى نیشتمانى هیچ کۆبوونەوەیەکى کۆمیسیۆن بە پێویست نازانین."
 
لە کۆتایی "دەستپێشخەرییەکەی" بزووتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، وەکو ئەرکى نیشتمانى و سیاسی، لەپێناو دۆزینەوەی دەرچەیەك بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانى هەرێمی کوردستان و پێشهاتە نوێیەكانی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر گوزەرانی خەڵك و پاراستنى قەوارەى هەرێمی کوردستان، داوای کۆبوونەوەى لووتکەى پارتە سیاسییە سەرەکییەکان دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە