رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە شوێنەوارە مێژووییە گرنگەکانی دهۆک، ئەشکەوتی هەڵامەتە کە لەلایەن شا سەنحاریبەوە نەخشێندراوە. ئەشکەوتەکە چەندین هێما و وێنەی مێژوویی لەسەرە و گوزارشتە لە دیمەنێکی سەرکەوتن لە جەنگدا.
ئەشکەوتی هەڵامەت مێژووەکەی بۆ سەردەمی سەنحاریب، شای ئاشوورییەکان دەگەڕێتەوە و دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای دهۆک، حەوت کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگەکەوە دوورە و 900 مەتر لەسەر ئاستی رووی دەریا بەرزە.
لەسەر ئەشکەوتەکە وێنەی سەنحاریب، یەکێک لە پاشا هەرە ناسراوەکانی ئاشوورییەکان نەخشێندراوە، ئەو پاشایەی مەزەندە دەکرێت لە ساڵی 745 لەدایکبووبێت و لە 681ـی پێش زایینی کۆچی دوایی کردبێت.
د. ژیار سەدیق، سەرۆکی بەشی شوێنەوارناسیی زانکۆی دهۆک لەڕێگەی رووداوەوە بە وردەکارییەوە باسی نەخشەکانی سەر ئەشکەوتەکە دەکات، دەڵێت "ئەشکەوتی هەڵامەت بریتییە لە شانۆیەکی سەرکەوتنی جەنگ، کە سەنحاریب نەخشاندوویەتی."
باسی ئەوەش دەکات دوو مەرام لە نەخشاندنی ئەو ئەشکەوتەدا هەن؛ یەکەم بۆ ئەوەیە هێز و دەسەڵاتی خۆیان نیشانی خەڵک بدەن، دووەمیش بۆ ئەوە بووە، شەڕێکی دەروونی لەگەڵ خەڵکدا بکەن.
نەخشەکانی سەر ئەشکەوتەکە، گوزارشت لە دیمەنێکی سەرکەوتن لە جەنگ دەکەن، جگە لە سەنحاریب، ناوی خواوەندەکانی ئاشوورییەکانیش لە ئەشکەوتە نەخشێندراون، لەوانە خواوەندی ئاشوور، کە گەورەترین خواوەندیان بووە، خواوەندی هەست، شەڕ و هێزە و هێماکەی گا ـیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ