رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، شوێنی نیشتەجێبوونی بۆ ئەو پێنج منداڵە دابین کردووە، کە دوو رۆژ لەمەوبەر لەلایەن خاڵیانەوە دەرکرابوون و دەشڵێت، "دایکی منداڵەکان بە دەستەبەریی فەرمانبەرێکی دیوانی پارێزگە، ئازاد کراوە".
دوو شەو لەمەوبەر، پێنج منداڵ کە گەورەترینیان کچێکی تەمەن 16 ساڵانە، لەلایەن خاڵیانەوە دەرکرابوون، دوای ئەوەی بردرانە ماڵی پارێزگاری کەرکووک، هەر ئەو شەوە مۆڵەتی بەغدای وەرگرت تاوەکو بۆ شەوێک ببردرێنە خانەی بەساڵاچووان.
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، بە بەرنامەی ( رۆژی هیوا جەمال)ـی راگەیاند، کاری لەسەر دۆسیەی ئەو پێنج منداڵە کردووە، رۆژی دووشەممە دایکی منداڵەکان بە دەستەبەری فەرمانبەرێکی دیوانی پارێزگە ئازاد کراوە و منداڵەکان گەڕێندراونەتەوە لای دایکیان.
رووداو بەدواداچوونی لەسەر دۆسیەی ئەو پێنج منداڵە کردبوو، دایک و باوکیان بە دوو تۆمەتی جیاواز دەستگیرکراون، بۆیە منداڵەکان لای خاڵیان بوون، تاوەکو دوو شەو لەمەوبەر ئەویش دەری کردوون.
بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) بەدواداچوونی زیاتری بۆ دۆسیەی ئەو منداڵە کرد، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک ئاشکرای کرد کە "منداڵەکان و دایکیان پێک شادبوونەتەوە".
لەبارەی دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ئەو خێزانە، پارێزگاری کەرکووک روونیکردەوە، "بڕیارمداوە لەو باڵەخانانەی حکومەت، شوقەیەکیان پێبدەم ئەگەر هی بەتاڵ هەبوو، ئەگەر ناو خانوویەکیان بە کرێ بۆ دەگرم". گوتیشی، "کرێکە لەسەر ئەرکی خۆم دەدەم تاوەکو لە حکومەت بم".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ