پێنج کیلۆ خەیار بە 250 دینار و 17 کیلۆ کوولەکە بە 1000 دیناری عێراقییە

27-05-2025
ژیڤان بەکر
ژیڤان بەکر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پێنج کیلۆ خەیار لە عەلوەکانی هەرێمی کوردستان بە 250 دینارە. بازرگانێکی سەوزە و میوەیش دەڵێت، "نرخی کوولەکە و پیازیش بە هەمان شێوەن و ساخ نابنەوە."
 
بێستوون محەممەد ساڵح، بازرگانی سەوزە و میوە بە رووداوی گوت، "خەیار دوو جۆرە، خەیاری خانەی نایلۆن کە ئێستا کیلۆی بە 50 دینارە، واتە پێنج کیلۆی بە 250 دینار. جۆرەکەی دیکە خەیاری خۆمانەی پێدەگوترێت، کە ئەم جۆرەیان خەیارێکی سرووشتییە."
 
لەبارەی نەبوونی بازاڕی خەیاری ژێر نایلۆنەوە، ئەو بازرگانی سەوزە و میوەیە دەڵێت، "هۆکارەکەی پێڕاگەیشتنی خەیاری ئاساییە؛ کە کیلۆیەکی لە عەلوە بە 275 تاوەکو 300 دینارە. هاوکات خەیاری ژێر نایلۆن هەناردەی عێراقیش ناکرێت، ئەمەیش هۆکارێکی دیکەی هەرزانبوونیەتی."
 
بێستوون محەممەد ساڵح ئاماژەی بەوەش کرد، "تەنیا خەیار هەرزان نەبووە؛ بەڵکو پیاز و کوولەکەیش وان؛ پیازی فەوری و سرووشتی هەن، یەک کیلۆی فەوری بە 150 دینارە و پیازی سرووشتییش بە 300 دینارە. کوولەکەیش سندووقی 17 کیلۆیی بە 1000 دیناری عێراقییە بە هەمان هۆکار."
 
شادیە حوسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان بە رووداوی گوت، "زۆر جار بێ پلانیی جووتیاران وا دەکات بەرهەمەکانیان ساخ نەبنەوە. خەیار بە 45 رۆژ بەرهەم دێت؛ جووتیار تاقەتی نییە سێ مانگ چاوەڕێی تەماتە بکات. دەیەوێت بەرهەمەکەی زوو بچنێتەوە."
 
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان دەڵێت، "بە هۆکاری زوو بە بەرهاتنی خەیار، جووتیاران زۆرینەیان روو لە چاندنی خەیار دەکەنەوە؛ بازاڕیش خواست و خستنەڕووە، کە بەرهەم زۆر بوو، خواست کەم دەبێتەوە."
 
لەبارەی چارەسەری ئەم دۆخەی ئێستا تووشی جووتیاران بووە، شادیە حوسێن گوتی، "جووتیار گوێ لە رێنوێنییەکانمان ناگرن؛ چارەسەر ئەوەیە جووتیار لەنێو خاکەکەی خۆیدا ساردخانەی هەبێت بۆئەوەی بەرهەمەکەی هەڵگرێت و لە کاتی دیکەدا بیخاتە بازاڕ؛ کارەبای ساردخانەکەیشی بۆ دەکەینە کشتوکاڵی، بەڵام نایکەن."
 
ساڵانە و بەتایبەت لە هاویندا بەهۆی زۆریی بەرهەمی خۆماڵییەوە دەیان هەزار تۆنی دەنێردرێتە نێوەڕاست و خوارووی عێراق. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان روونیکردەوە، "هەموو ئاسانکارییەکمان بۆ جووتیار کردووە؛ ئەوەی پێویست بووبێت هاوردەمان قەدەخە کردووە؛ هاوکات رێپێدان بەو جووتیارانە دەدەین کە ناویان لامان تۆمار کراوە، بەرهەمەکانیان هەناردەی عێراق بکەن و هیچ رێگرییەکیان لێ ناکرێت. بەو مەرجەی رێپێدانی ئێمەیان هەبێت."
 
ساڵانە لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی نێوخۆدا، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان هاوردەکردن قەدەخە دەکات، ئەوەش بە ئامانجی ساخبوونەوەی بەرهەمی جووتیاران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە بەرنامەی ئەمشەوی لەگەڵ رەنج لە 30 خولەک 800 ملیۆن دینار کۆکرایەوە.

خێرخوازان لەڕێی رووداوەوە 6,687,870,000 دیناریان بەخشییە زیانبەرکەوتووانی لافاو

بۆ دووەم شەو لەسەر یەک رەنج سەنگاوی، پێشکەشکاری رووداو بەردەوام بوو لە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو لە باشووری کوردستان، ئەمشەویش چوار سەرمایەدار کۆی گشتی 800 ملیۆن دیناریان بەخشی.