رووداو دیجیتاڵ
بازاڕی قەیسەری، ناوێک لە کوردستان نموونەی قەرەباڵخی و بازاڕگەرمییە، کەچی چۆڵە. دووکانەکانی بەرگدووری پێش بۆنەکان جمەیان دەهات لە کڕیاڕ، ئەم ساڵ ئەوانیش بازاڕیان سستە.
حاجی مستەفا، زیاتر لە 50 ساڵە لەم بازاڕە بەرگدرووە، ناجێگیری مووچەی مووچەخۆران بەهۆکاری سستی بازاڕ دەبینێت.
حاجی مستەفا بلباس باس لەوە دەکات، "ئەگەر بەراورد بکەین بە ساڵی پار و ساڵانی رابردوو لە هەندێک شوێن و بۆ هەندێک بابەت بازاڕ سەدا 50 کەمی کردووە، کاری ئێمەش وەک بەرگدووری کەمی کردووە، نەهاتنی مووچە و دواکەوتنی کاریگەری زۆرە، کەڵکی کوردستان زۆربەیان مووچە خۆرن، کە مووچە نایەت، پارە نابێت، کاتێکیش پارە نەبوو، خەڵک زیاتر خواردن دەکڕێت ئەو پێویستە، جلوبەرگ پێویست نیە."
هات و نەهاتی مووچە بازاڕی چۆڵکردووە، نزیک دەبینەوە لەچەژنی قوربان، کەچی تاک و تاک کڕیار هاموشۆی بازاڕ دەکات.
سەعدووڵڵا محەممەد، بەرگدوورە و ساڵان 20 رۆژ بەر لە چەژن هیچ داواکاریێکی دوورینی جلوبەرگی وەرنەدەگرت و شەوان تاوەکو بەرەبەیان کاری دەکرد، ئەم ساڵ لەگەڵ بانگی شێوان دووکانەکەی دادەخات.
ئەو بەرگدرووە باس لەوە دەکات، "پێشتر کاتێک دەگەڕاینەوە ماڵەوە کاژێر یەکی شەو لایدابوو، کەچی ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا لە کاژێر 9 ـوە من دووکانەکەم داخستووە، بازاڕەکە زۆر خراپە وەک پێشتر نیە و زیاتر لە 50٪ کەمی کردووە. پێشتر 20 بۆ 25 رۆژ پێش چەژن هیچ داواکاریێکمان وەرنەدەگرت، مەگەر کەسێکی زۆر نزیک و خۆشەویستبووایە، بەڵام ئەم ساڵ گەر بتەوێ ئێستا دەتوانم قاتت بۆ بدوورم."
بەرگدووری ژنانیش بازاڕیان لاوازبووە، پەروین ساڵانی رابردوو سێ شاگرد لە ژێر دەستی کاری دەکرد، ئەم ساڵ کزی بازاڕ وایکردوە تەنیا خۆی و هاوژینەکەی بمێننەوە.
پەروین سەمەد، باس لەوە دەکات، "ئەم ساڵ لەبەرئەوەی مووچەکە لە بەغداوە بەم شێوەیە دێت، کاری ئێمەش کەم بووە، نرخەکانمان بۆ نزیکەی نیوە کەمکردوونەتەوە. تەنیا لەبەرئەوەی کارمان هەبێت، پێشتر پێنج کەس لێرە کارمان دەکرد، کەچی ئێستا دوو کەسین و هاوژینەکەم سبەینان نایێت، هەر خۆمم و بەهەموو کارەکان رادەگەین."
هەرکات مووچە دابەش دەکرێت، جموجۆڵێک دەکەوێتە بازاڕەکانەوە و زۆربەی ئەوانەی مووچەیان وەرگرتووە سەردانی بازاڕ دەکەن، بەڵام بەشی هەرە زۆریان بۆ دانەوەی قەرز روو لە بازاڕ دەکەن، نەوەک بۆ بازاڕی کردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ