رووداو دیجیتاڵ
بەرزان مەحمود ئەم ساڵ 15 تۆن گەنمی چاندووە و تەنیا 45 تۆن بەرهەمی بووە. ئەو نزیکەی 15 ملیۆن دینار زیانی کردووە و بۆ قەرەبووی زیانەکەی 400 تۆن گەنمی جووتیارانی کڕیوەتەوە، بەڵام درەنگ وەرگرتنی گەنم لە سایلۆی کەلار زیانی بە ئەو و هەموو جووتیارانی گەرمیان گەیاندووە.
ئەو جووتیارە، سەرباری زیانە زۆرەکەی، خەمی کردنەوەی سایلۆی کەلاریەتی بۆ ئەوەی گەنمەکەی بفرۆشێت.
بەرزان مەحموود دەڵێت، "سایلۆکەی لای خۆمان هیچ دەنگوباسی نییە، تاوەکو ئێستا نەکراوەتەوە. دەڵێن دوای مانگی شەش دەکرێتەوە ئیتر نازانم کەیە رەنگە بکەوێتەوە دوای جەژن."
ئەم ساڵ جگە لە کەم بارانی؛ گرانی پەینی کمیایی، نرخی دەڕاسە و دابەزاینی نرخی گەنم کە کیلۆیەک لە نێوان 400 بۆ 620 دینارە، لە زەرەر و زیانەکانی دیکەی جووتیارانی گەرمیانە.
مستەفا مەلا حوسێن، یەکێکی دیکەیە لەو جووتیارانەی ئەم ساڵ زیانێکی زۆری کردووە و دەڵێت، "ئەم ساڵ پێنج تۆن گەنمم چاندووە، یەک و سێی کردووە، واتە 15 تۆن، پار یەک و 8 بۆ یەک 10ـی کردووە."
حەمەی مامە رەش، جووتیارێکی گەرمیانە و ئاماژە بەوە دەدات، "ئەم ساڵ هەر کەسێک گەنمی کردوە زیانی کردووە، چونکە خەرجی زۆرە، پەینی کیمایی، کرێی دەراسە و بنەتۆ هەموویان گران بوون."
لە گەرمیان هەموو ساڵێک لە 1-5 دەست بە دروێنەی گەنم دەکرێت، بەڵام حکومەتی عێراق رەزامەندی نادات تاوەکو 1-6 سایلۆ بکرێتەوە.
ستار علی، گوتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان باس لەوە دەکات، "چەند ساڵە داوا لە وەزارەت دەکەین سایلۆ زوو بکرێتەوە، بەڵام هەر یەکی شەش دەکرێتەوە."
ئەو گوتیشی، "دەبێت گەرمیان جیا بکرێتەوە لە کوردستان، چونکە ئێمە پێش مانگێک لە هەموو ناوچەکان دروێنە دەست پێدەکەین و وەزارەتیش قسەی کردووە لەگەڵ حکومەتی عێراق، بەڵام رێکنەکەوتوون."
بە پێێ ئاماری کشتوکاڵی گەرمیان، ئەم ساڵ هەشت هەزار و 748 جووتیار لەسەر رووبەری 422 هەزار و 12 دۆنم زەوی گەنمیان چاندووە. لە کاتێدا ساڵی پار ژمارەی جووتیار و رووبەرەکەش کەمتر بوو، بەجۆرێک شەش هەزار و 215 جووتیار لەسەر رووبەری 319 هەزار و 717 دۆنم زەوی گەنمیان چاندبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ