رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری لە عێراق رایگەیاند، "بڕیارمانداوە بەشێوەیەکی کاتی رێگە بە ناردنی بەرهەمی مریشکی زیندوو و هێلکە بدرێت لە نێوان پارێزگاکاندا. وەزارەتی کشتوکاڵیش راسپێردراوە سەرژمێری ئەو پرۆژانە بکات کە هێشتا رێکارەکانی وەرگرتنی مۆڵەتیان تەواو نەکردووە."
ئەمڕۆ سێشەممە، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نزیکەی ساڵێکە رێگە بە ناردنی مریشکی زیندوو بۆ پارێزگاکانی خواروو و نێوەڕاستی نادرێت، بیانووی حکومەتی عێراقیش هاوردەکردنی مریشکی قاچاخە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوە دوورە لە راستییەوە."
لە هەرێمی کوردستان 51 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکە هەن. پێویستیی رۆژانەی هەرێمی کوردستان 7 هەزار کارتۆنە، کە دەکاتە دوو ملیۆن و 500 هەزار هێلکە. بەرهەمهێنان دوو هێندەی ئەو بڕەیە، بۆیە بەشێکی زۆری هەناردە دەکرێت.
فیراس سدیق گوتی، "لە بابەتی ناردنی بەرهەمی هێلکەدا کێشەیەکی ئەوتۆ نییە، ئەو پڕۆژانەی ئێرە کە لە بەغدا تۆمارکراون، دەتوانن هێلکەکانیان بەرەو پارێزگاکانی خواروو و نێوەڕاست بنێرن."
هاوکات سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە رووداوی گوت: "ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری؛ هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە."
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، "70٪ی بەرهەمی نێوخۆیی پڕۆژە رێگەپێدراوەکانی هەرێمی کوردستان رێگە بە ناردنی دەدرێت بۆ پارێزگاکانی نێوەڕاست و خواروو."
ساڵانە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 270 هەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرهەم دەهێنێت، لەکاتێکدا پێداویستیی ساڵانەی ناوخۆ 150 هەزار تۆنە. ئەوەی لە پێویستیی نێوخۆ زیاترە، هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ