کوردستان
کۆبوونەوەی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆلۆنێل ساڤیریۆ ئەمۆرۆسۆ، کۆماندەری هێزە ئیتاڵییهکان له هاوپەیمانیی نێودهوڵهتی لە عێراق
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماندەری هێزە ئیتاڵییەکان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و شاندێکی یاوەری کۆبووەوە و باسیان لە دروستکردنی بنکەیەکی سەربازیی تایبەت بە مەشق و راهێنان لە سلێمانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کرد.
رۆژی یەکشەممە 27-06-2021 شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە کۆلۆنێل ساڤیریۆ ئەمۆرۆسۆ، کۆماندەری هێزە ئیتاڵییهکان له هاوپەیمانیی نێودهوڵهتی لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد. لە کۆبوونەوەیەکدا باس لە دوایین جموجۆڵەکانی داعش، بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکە، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بۆ سەر "تیرۆریستان" و دروستکردنی بنکەیەکی سەربازیی تایبەت بە مەشق و راهێنان لە سلێمانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کرد.
لە راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، جێگری سەرۆک ستایشی هێزەکانی هاوپەیمانانی لە عێراق کرد کە هەماهەنگ و هاوکاربوون "بۆ نەمانی یەکجارەکیی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و ناوچەکەدا، هەروەها دروستکردنی بنکەیەکی سەربازیی تایبەت بە مەشق و راهێنانی بۆ پێشمەرگە بەشێوەیەکی ئەکادیمی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان بە گرنگ پێناسە کرد، بەتایبەتیش کە ئێستا داعش بووەتە هەڕەشەیەکی مەترسیدار لە ناوچەکە و ئەو شوێنانەی بۆشایی ئەمنییان تێدا دروستبووە، بووەتە شوێنی حەشارگە و هۆکاری زیادبوونی کردەوە تیرۆریستییەکان".
هاوکات کۆماندەری هێزه ئیتاڵییهکان لە عێراق جەختی لەسەر هەماهەنگیی زیاتری سوپای عێراق و پێشمەرگە و پاڵپشتیی هێزەکانی هاوپەیمانی کردهوه، هەروەها بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی بۆسەر بنکە و حەشارگە شاراوەکانی داعش بە گرنگ زانی بۆ نەمان و دوورخستنەوەیان لەو مەترسییانەی لە ناوچەکەدا بوونیان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ