رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر دەڵێت، وڵاتەکەیان پێشوازی لە دیاریکردنی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات.
کۆنسووڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا دەڵێت: "ئەڵمانیا داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات هەڵبژاردنێکی گشتگیر، ئازاد و دادپەروەرانەی پەرلەمانی کوردستانی عێراق مسۆگەر بکەن".
رۆژی چوارشەممە دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی 20-10-2024ـی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد. دوای ئەوە کۆمیسیۆنیش ئامادەیی کردنی هەڵبژاردنی لەو رۆژەدا نیشاندا و بەدەستگەیشتنی مەرسوومی سەرۆکایەتیی ئاشکراکرد.
هاوکات، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی پێشوازی لە دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات. جگە لە سوپاسکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ هەوڵەکانی لەو پێناوەدا، داوا لە حکومەت دەکات گەرەنتی بێگەردیی هەڵبژاردن بکات.
ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق پەیامێکی لە ئێکس بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "پێشوازی لە راگەیاندنی کردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دەکەین، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین گەرەنتی بێگەردیی هەڵبژاردنەکان و شەفافیەتیان بکات."
دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن دەستخۆشیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەمریکا و ئەوروپا و ژمارەیەک وڵات و نێردەکانیانی لە عێراق بەدوای خۆیدا هێنا.
رۆژی 9ـی تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی خولی شەشەمى پەرلەمانى تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە، لەکاتێکدا خولی پێنجەم رۆژی 6ـی تشرینى دووەمى هەمان ساڵ کۆتایی دەهات.
لە 30ـی ئایارى 2023، دادگە درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى کوردستانى هەڵوەشاندەوە، بە پاساوى ئەوەى "نادەستوورییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ