رووداو دیجیتاڵ
لە قەڵادزێ گەورە و بچووکی گەڕەکێک کۆبوونەتەوە، چاوەڕوانی کردنەوەی باخچەیەکن کە لەسەر ئەرکی گەنجێکی شارەکەیان دروستکراوە.
نالی قادر، ئەو کەسەی باخچەکەی دروستکردووە 20 ساڵە و ناسراوە بە نالی پشدەری. ئەو خەڵکی قەڵادزێیە و لە ئەڵمانیا لەدایکبووە، دوورە وڵاتی و خەریبی هەستی بەرپرسیاریەتی بەرامبەر شارەکەی لەناخیدا چاندووە.
نالی دەڵێت، "تەنیا باسی برینەکانی رابردوو ناکەین، بەڵکو خۆمان دێین بە کردنەوەی بەرهەمێکی وەکو باخچە کە بەرهەمێکی ژینگەیی، تەندرووستی و شارستانییە و خزمەت بە هەمووان دەکات. بەم کردارە دەریبخەین خۆمان شارەکەمان ئاوەدان دەکەینەوە."
کدنەوەی باخچەکە هاوکاتە لەگەڵ 36 ساڵەی یادی راگواستنی قەڵادزێ لەلایەن رژێمی سەدام، بەدروشمی (لەیادی وێرانکاریدا تۆوی ئاوەدانی دەچێنین) باخچەکە بەهەموو پێداویستییەکانی کراوەتەوە.
ئەبوبەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر لەوبارەیەوە دەڵێت، "خەمی وڵاتەکەی لەکۆڵ ناوە و لە ساڵڕۆژی وێرانکردنی قەڵادزێ و دەڤەری پشدەر هاتووە پڕۆژەیەکی ئاوەدانی هێناوە. هیوادارین ئەوە سەرەتای قۆناخێکی تازە بێت بۆ ئەوەی خەڵکیش بەشداری بکات لە ئاوەدانکردنەوەی شارەکەی خۆیان."
سەلیم عەلی، ژینگەدۆستە و باس لەوە دەکات، "وەکو گرووپی هۆشیاری پاراستنی ژینگەی دەڤەری راپەڕین نەمامی بەڕووی پێشکێش دەکەین. ئێمە دەڵێین کورد و چیا و بەڕوو خۆڕاگرن، ئێمە هانی ئەو کوردانە دەدەین کە لە تاراوگەن بۆئەوەی یارمەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بدەن لە تاراوگەش لۆبییەکی بەهێزمان هەبێت."
باخچەکە لەسە رووبەری نزیکەی دۆنمێک دروستکراوە و زیاتر لە200 داری تێدا چێنراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ