رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، چوار تۆمەتباریان دەستگیر کردووە، کە گەشتیاری عەرەبن و لە بازاڕدا زێڕیان دزیوە.
رۆژی یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیاییی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی چەندین سکاڵامان لەلایەن زێڕینگرەکانەوە پێگەیشت، کە دوو ژن دزییان لێ کردوون و گوستیلەی زێڕیان هەڵگرتووە و زەردیان داناوە و زێڕینگرەکانیان هەڵخەڵەتاندووە، دوای لێکۆڵینەوە توانیمان دەستگیریان بکەین کە گەشتیار بوون".
تۆمەتبارەکان دوو ژن و دوو پیاو بوون. گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت: "ژنەکان زێڕەکانیان دزیوە و پیاوەکانیش هاوبەشیان بوون، ئێستا هەر چواریان دەستگیر کراون".
بەگوتەی سەرکەوت ئەحمەد، لەکاتی دەستگیرکردنیاندا بڕێکی زۆر زێڕیان لابووە و دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە. گوتیشی: "بە بڕیاری دادوەر، شارەزایەک دیاری کراوە، بۆ ئەوەی بزانرێت بڕی زێڕەکە چەندە و چ جۆرێکە".
ئەو تۆمەتبارانە خەڵکی بەغدا و بەسرەن و تەمەنیان لەنێوان 35 بۆ 40 ساڵیدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ