رووداو دیجیتاڵ
ئەنجامی سێیەمی کۆنفرانسی 'گرنگیی یەکێتیی کورد' کە لەلایەن 'دەستپێشخەریی یەکێتیی دیموکراتیک' لە شارۆچکەی بازیدی سەر بە ئاگری لە باکووری کوردستان بەڕێوەچوو راگەیێندرا و تێیدا ئاماژە بەوەکراوە، خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رێگەی بۆ ئاشتی خۆشکردووە و هەوڵەکانی ئۆجەلانیش بۆ پرۆسەکە مێژووییە.
لە کۆنفرانسەکەدا کە دوێنی بەڕێوەچوو و ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجامەکەی بڵاوکراویەوە، بیرمەند، کۆمەڵناس، زمانناس، شاعیر، ئەدیب و نووسەران بەشدارییان کرد. لە راگەیێندراوی ئەنجامەکەیدا هاتووە: "کۆنفرانسەکە بە ئامانجی یەکێتیی نەتەوەیی ساز کرا".
لە ئەنجامی کۆنفرانسەکەدا هاتووە: "ئەو کۆمەڵکوژی و هێرشانەی کە لەلایەن دەسەڵاتی دیمەشقەوە کرانە سەر گەلی عەلەوی و گەلی دروز، وەک پێشهاتێکی مەترسیدار بۆ هەموو گەلانی سووریا دەبینین، ئەوەش گرنگیی سیستمێکی بەڕێوەبردنی دیموکراتی- فیدراڵی هێنایە ئاراوە، کە لەگەڵ کۆمەڵگەی سووریادا بگونجێت".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "لەبەر پێشهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی چوار پارچەی کوردستان، تورکیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، یەکێتیی نەتەوەیی پێویستییەکی ژیانە".
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە: "کۆنفرانسەکەمان لەژێر رۆشنایی هەموو ئەم پێشهاتانەدا، ئاماژەی بە واتای مێژوویی بانگەوازی 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک' کرد، کە لەلایەن بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە لە 27ی شوباتی 2025 بڵاوکرایەوە؛ شانبەشانی کاریگەرییە ئەرێنییەکانی ئەم بانگەوازە لەسەر ئاستی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی، گەشەکردنی چاوەڕوانی و هیوای چارەسەریی دیموکراتییانەی پرسی کورد و راستیی دروستبوونی کەشێکی سیاسیی زۆر ئەرێنی، بە شێوەیەکی فراوان هەڵسەنگێندرا".
لە ئەنجامی کۆنفرانسی "گرنگیی یەکێتیی کورد" ئاماژە بە بڕیاری چەکدانانی پەکەکە کراوە و راگەیێندراوە: "بڕیاری پەکەکە بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و هەڵوەشاندنەوەی خۆی، رێگەی بۆ پرۆسەیەک بەرەو ئاشتی خۆش کردووە، بەتایبەتی لە سلێمانی لە رێوڕەسمی سووتاندنی چەکدا کە بە پێشەنگایەتیی ژنان بەڕێوەچوو، بە باوەڕ و سووربوونێکی گەورەوە خاوەندارێتی لە بانگەوازەکەی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرا".
لە بەشێکی دیکەی ئەنجامەکەدا وێڕای داوا کراوە: "دەوڵەتی تورکیا و حکومەتەکەی بە هەمان شێوەی ستراتیژی مامەڵە بکەن و لە ماوەیەکی نزیکدا هەنگاوی یاساییی گرنگ بنێن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ