رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی ژینگەدۆستانی زاگرۆس رایگەیاند، ژینگەپارێزێکی دیکە کە لە ئاگرەکەی چوار رۆژ لەمەوبەری چیای ئاویەری سنە بە سەختی بریندار ببوو، گیانی لەدەستدا.
بە گوێرەی رێکخراوی ژینگەدۆستانی زاگرۆس، چیاکۆ یوسفنەژاد، یەکێک لەو ژینگەپارێزانەی بەشداری لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەی دارستانەکانی چیای ئاویەری سنە دا کردبوو و بە سەختی بریندار ببوو، ئەم شەو لە نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە گیانی لەدەستدا.
ئەمە دەبێتە دووەمین ژینگەپارێز کە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی چیای ئاویەری سنە گیان لەدەست بدات.
ژینگەپارێز حەمید مورادی، پارێزەر و بەرپرسی ئەنجوومەنی شنەی نەوژینی کوردستان کە لە رووداوەکەدا بریندار ببوو و بۆ چارەسەرکردن لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە خەوێندرابوو، رۆژی هەینی، 25ی تەممووز بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا.
رۆژی پێنجشەممە، 24ی تەمموزی 2025 ئاگرێکی فراوان چیای ئاویەری سنەی گرتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 150 هێکتار دارستان و پووش و پاوان سووتا.
ئاگرەکە کاژێر 12 و نیوی نیوەڕۆی پێنجشەممە کەوتەوە و تاوەکو ئێوارە بە هەوڵی ژینگەپارێزانی خۆبەخش و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سنە کۆنترۆڵ کرا، بەڵام 8 کەس لە ژینگەپارێزان بریندار بوون کە برینی شەش کەسیان سەخت بوو.
بێهزاد شەریفیپوور، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگای سنە ئەو کات رایگەیاند، بە هۆی هەڵگەڕانەوەی لەناکاوی ئاراستەی با، گرووپێک لە ژینگەپارێزان کەوتنە نێو گەمارۆی ئاگر و 8 کەس زیانیان پێگەیشت.
تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەی دارستانەکانی چیای ئاویەری شاری سنە رانەگەیێندراوە.
لە 2018ـەوە 9 ژینگەپارێز لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان لە مەریوان، پاوە، کامێران و سنە گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ