پیلاتیس و پادڵ؛ لە هەولێر دوو وەرزشی نوێ بوونەتە ترێند و خواستی زۆریان لەسەرە

27-07-2025
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
نموونەی وەرزشەکە.
نموونەی وەرزشەکە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بۆ گەیشتن بە هاوسەنگییەک لەنێوان جەستە و مێشکدا و دوورکەوتنەوە لە سترێسی ژیانی رۆژانە، بەشێک لە خانمان و گەنجانی هەرێمی کوردستان روو لە دوو وەرزشی نوێ و مۆدێرن دەکەن کە بە خێرایی بوونەتە ترێند: پیلاتیس و پادڵ.
 
وەرزشی پیلاتیس، کە ئێستا لەنێو خانماندا باڵادەستە، جەخت لەسەر پتەوکردنی ماسولکەکان و ئارامکردنەوەی دەروون دەکاتەوە. ئەمە یەکەمین ستۆدیۆی تایبەت بە پیلاتیسە لە هەولێر کە لە مانگی حەوتی ئەم ساڵدا کراوەتەوە. حەنین، کە خۆی راهێنەری لەشجوانییە، بۆ یەکەم جارە ئەم وەرزشە تاقی دەکاتەوە.
 
حەنین ئەحمەد دەڵیت، "ئافرەت بەردەوام هەست دەکات سترێسی هەیە، بەردەوام قەلەقە، جا بەهۆی کەشوهەوای ماڵەوە بێت یان ئیش و کار. لە پیلاتیس ئەوەم بۆ دەرکەوت، تۆ چەند سترێس بیت، ئەوەندە مێشکت لای کۆنترۆڵکردنی هەناسەیە و لای راهێنەرەکەیە کە هاوار دەکات 'سکت توند بکە، هەناسە بدە، هەناسە هەڵمژە، هەناسە رابگرە'. مێشکت هیچ نامێنێت لەسەر ئەو سترێسەی کە هەتە."
 
ئەم شێوازە وەرزشە، کە بە "کۆنترۆلۆجی" ناسراوە، شەش پرەنسیپی سەرەکی هەیە: چڕبوونەوە، کۆنترۆڵ، ناوەندگیری، دروستی، هەناسەدان، و رەوانی. بەڕێوەبەری ستۆدیۆکە دەڵێت، بۆ هەموو تەمەن و توانا جەستەییەک گونجاوە.
 
ژوان ئەلسەیادە، بەڕێوەبەری ستۆدیۆی پیلاتیس ئاماژە بەوە دەکات، "بۆ هەموو کەسێک گونجاوە؛ بۆ خانمانی دووگیان، بۆ کەسانی ئاسایی، هەروەها بۆ ئەو کەسانەی هەر خۆیان دەڕۆنە یانەی وەرزشی."
 
هاوشێوەی پیلاتیس کە بووەتە جێی سەرنجی خانمان، وەرزشێکی دیکەش بە خێرایی لەنێو گەنجانی کوڕ و کچدا بڵاودەبێتەوە و خواستێکی زۆری لەسەرە، ئەویش یاریی پادڵە. یارییەک هاوشێوەی تێنس، بەڵام بەهۆی قەرەباڵخییەوە، دەبێت چەند رۆژێک پێشتر لە رێگەی ئەپلیکەیشنەوە یاریگەی بۆ حیجز بکەیت، ئەگەرنا بە ئاسانی دەستت ناکەوێت.
 
یاریی پادڵ، بەراورد بە پیلاتیس، زووتر گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان. ئەم شوێنە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2023 یەکەم یاریگەی پادڵی لە هەولێر کردەوە. راهێنەران دەڵێن خەڵک "ئالوودەی" یارییەکە بوون.
 
فارس ئەیاد، راهێنەری پادڵ باس لەوە دەکات، "خەڵک مێشکیان سەرقاڵە بە پادڵ. ئەوانەی لێرەن هەموو رۆژ یاریی دەکەن. هەندێک کەسمان هەن رۆژانە سێ بۆ چوار کاژێر لێرە یاریی دەکەن. هەموو رۆژ لە 6ی ئێوارەوە تاوەکو دوای 12ی شەو ئێرە یاریی لێ دەکرێت، تەنانەت کاژێر 3ی بەیانیش یاریزانمان هەیە."
 
یارییەکە زیاتر بە گرووپی چوار کەسی دەکرێت. ئەحمەد یەکێکە لەو گەنجانەی کە ماوەی هەشت مانگە یاری دەکات و دەڵێت کەم شەو هەن بێ پادڵ بەڕێی بکات.
 
ئەحمەد سروود، یاریزانی پادڵ هەروەها دەڵێت، "ئێمە بە گرووپ دێین لەگەڵ هاوڕێکانمان، هەندێکجار لەگەڵ کاپتنەکان یاری دەکەین. هەفتانە چوار بۆ پێنج رۆژ و رۆژانە نزیکەی سێ کاژێر لێرەین. یارییەکە چێژێکی زۆر و کێبڕکێی تێدایە."
 
ئەوەی لەنێوان هەردوو وەرزشە ترێندەکەدا هاوبەشە، تەنیا خواستی زۆر نییە، بەڵکو تێچووی بەرزی بەشداریکردنیشە. نرخی کاژێرێک یاریی پادڵ دەگاتە 40 هەزار دینار، لە کاتێکدا تێچووی یەک کاژێر پیلاتیس 40 دۆلارە و نرخی بەشداریی مانگانە دەگاتە 330 دۆلار، ئەمەش وایکردووە ببنە وەرزشی بەشێک لە چینەکانی کۆمەڵگە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.