رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک هاونیشتمانی لە هەڵەبجە دەڵێن، هۆڵەکانی نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبوون لە شارەکە گەرمە و بەهۆی هەبوونی هۆڵێکی ئاهەنگگێڕانیشەوە شەوان نەخۆشەکان بێزار دەبن. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە بەشێکی زانیارییەکان رەتدەکاتەوە و لەسەر بەشێکیشی روونکردنەوە دەدات.
چەند هاونیشتمانییەک لە هەڵەبجە بە رووداویان گوت، "لەنێو نەخۆشخانەی لەدایکبووندا شەوان سۆنەر نییە و بۆ هەر سۆنەرێک دەبێت پەیوەندی بە پزیشکێکی تایبەتەوە بکرێت بگەڕێتەوە بۆ نەخۆشخانە یان لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی نزیکییەوە بێت".
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییانە، هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە تەنیشتی نەخۆشخانەی منداڵان، ژنان و منداڵبوونی هەڵەبجە هەیە و شەوان دەبێتە هۆی بێزاریی نەخۆشەکان؛ دەشڵێن: "هۆڵەکانی چاودێریی نەخۆش گەرمن و فێنککەرەوەکانیان وەکو پێویست کار ناکەن".
د. هودا ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان، ژنان و منداڵبوونی هەڵەبجە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سیستمی فێنککەرەوەمان پەیوەستە بە کارەبای نیشتمانییەوە. ئەم چەند رۆژە بەهۆی کارکردن بۆ پڕۆژەی رووناکی، کارەبای نیشتمانی کەمبووەتەوە و فێنککەرەوەکان وەک پێویست کار ناکەن".
د. هودا گوتی: "موەلیدەکان کاردەکەن، بەڵام فێنککەرەوەکان وەک پێویست نین، ئەوەش لە توانای ئێمە بەدەرە و لەگەڵ باشبوونی کارەباکەدا ئەو کێشەیە نامێنێت".
لەبارەی هۆڵی ئاهەنگگێڕانیشەوە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان و ژنان و منداڵبوونی هەڵەبجە گوتی: "هیچ کەسێک گلەیی لەو شێوەیەی بە ئێمە نەگەیاندووە. ئەوەی من ئاگاداربم هیچ هۆڵێک تەنیشتی نەخۆشخانە نییە، بەڵام کە ناڕەزایی هەیە بەدواداچوونی وردی بۆ دەکەین".
لەبارەی نەبوونی سۆنەریشەوە دکتۆ هودا گوتی، "بەگوێرەی سیستمی نەخۆشخانە تاوەکو کاژێر 01:00ـی نیوەڕۆ راوێژکارییمان هەیە و سۆنەر هەیە، دواتر پزیشکی ئێشکگری سۆنەر هەیە، هەرکاتێک نەخۆش پێویستی بێت تەلەفۆنی بۆ دەکەین و پزیشک دێتەوە. شەوانیش پزیشکی سۆنەر لە فریاکەوتن هەیە و هەر نەخۆشێک زۆر پێویست بێت لەوێ بۆی دەکرێت".
بەگوتەی د. هودا ئەحمەد، هەرکاتێک نەخۆشەکانی نەخۆشخانەکەیان پێویستیان بە هەر پزیشکێک بێت ئەگەر لە نەخۆشخانەش نەبێت بە تەلەفۆن بانگی دەکەن و دەگەڕێتەوە نەخۆشخانەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ