رووداو دیجیتاڵ
لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە نزیکەی دوو هەزار فەرمانبەر بەشێوەی گرێبەست لەسەر وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراون، ئەم ساڵ یەک مووچەیان وەرگرتووە. 19ی ئاداری رابردوو ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی راسپاردووە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە، بەڵام هێشتا دوو مووچەیان بۆ خەرجکراوە.
بەشێک لەو فەرمانبەرانەی پەیوەندییان بە رادیۆی رووداو کردووە و دەڵێن، لە مانگی ئەیلوولی رابردووەوە وەکو فەرمانبەری گرێبەست دەستبەکاربوون و دەوام دەکەن، بەڵام مووچەکانیان بۆ خەرج ناکرێت و لەدۆخێکی سەختدان.
ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "نزیکەی 220 فەرمانبەرمان هەن کە گرێبەستن و لە نێوەڕاست و کۆتایی ساڵی رابردوو دامەزراون، لە سەرەتای ئەم ساڵ لەکاتی ناردنی لیستی فەرمانبەران بۆ بەغدا ناویان لە لیستەکەدا بوو، بەڵام بەغدا ناوی گرێبەستە نوێیەکانی لە لیستەکەدا دەرهێنا."
ئەو فەرمانبەرانەی پەیوەندییان بە "رادیۆی رووداو"ـەوە کردووە، نیگەرانن لە دۆخی داراییان و دەڵێن، لەکاتێکدا خێزاندارن و لە دۆخێکی سەختدا دەژین، مووچەکانیشیان بۆ خەرج ناکرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی، "لە دوا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە مانگی ئاداری ئەمساڵ، بڕیاردرا بابەتی مووچەی ئەو فەرمانبەرانە لە داهاتی ناوخۆ دابین بکرێت."
بەپێی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە 19ی ئاداری 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپێردراوە "کاری پێویست بۆ دابینکردنی مووچە و چارەسەرکردنی گرفتی خەرجنەکردنی مووچەی ئەو فەرمانبەرانە بکات."
ئاریان ئەحمەد دەڵێت، ئەو فەرمانبەرانە، دوو مووچەیان بۆ خەرجکراوە [مانگی 7ـی ساڵی رابردوو و مانگی چواری ئەم ساڵ]، بابەتەکە لە وەزارەتی داراییە و دەبێت لەداهاتی ناوخۆ دابین بکرێت، چونکە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو فەرمانبەرانە، نزیکەی دوو هەزار فەرمانبەرن و لە ناوەڕاستی ساڵی رابردوو و سەرەتای ئەمساڵ بەشێوەی گرێبەست دامەزراون و مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ