رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسێک لە شارێکی پارێزگای ورمێ، بەهۆی ''کێشەیەکی ماڵی''ـیەوە تەقەی لە دوو کەس کرد و هەردووکیانی کوشت؛ داواکاری گشتیی شارەکە دەڵێت، یەکێک لە کوژراوان پۆلیس بووە.
رووداوەکە دوێنێ شەممە 26-07-2025 لە شاری میاندواوی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان روویداوە. جەهانگیر مەسعودی، داواکاری گشتیی شارەکە رایگەیاند، ''کەسێک بەهۆی کێشەی ماڵییەوە تەقەی لە دوو کەسی دیکە کردووە و هەردوو کوژراون.''
بەگوتەی جەهانگیر مەسعودی، تەقەکەر ئەندامی هێزەکانی پۆلیسە و لە ئەنجامی دەمەقاڵەیەکدا، بە چەکی راو، هێرشی کردووەتە سەر دوو کەسەکەی دیکە.
هاوکات داواکاری گشتیی میاندواو ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە کوژراوانیش ئەندامی هێزەکانی پۆلیس و هاوکاری تەقەکەر بووە.
دوای کوشتنی ئەو دوو کەسە، تۆمەتبار خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیس کردووە و جەهانگیر مەسعودی دەڵێت، لێکۆڵینەوەی زیاتر لە رووداوەکە دەکرێت.
میاندواو دەکەوێتە باشووری پارێزگای ورمێ کە لەگەڵ شارەکانی بۆکان، مهاباد و نەغەدەی سەر بە پارێزگاکە هاوسنوورە و بەگوێرەی سەرژمێریی گشتیی ساڵی 2017، ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 225 هەزار کەسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ