رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتی پێشنیاز دەکات لە کۆنگرەدا "ئەنجوومەنێکی کارا بۆ تێکۆشەر"ەکانی حیزبەکەی دروست بکرێت.
رۆژی یەکشەممە 27ـی ئابی 2023، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی کۆبووەوە.
بڕیارە لە 27-09-2023 کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی بکرێت و لەم کۆبوونەوەیەدا ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی لەبارەی ئامادەکارییەکانەوە گفتوگۆیان کردووە.
کۆبوونەوەکە لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر بەڕێوەچوو. بافڵ تاڵەبانی گوتی: "کۆنگرە بۆ جۆشدانەوەی زیاتری خەباتە لە پێناو سەرخستنی بەرنامەی خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و باشکردنی ژیان و گوزەرانیانە، کە ئەوەش بنچینە و بەرنامەی ستراتیژی نەگۆڕی یەکێتییە."
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی یەکێتی گوێی لە پێشنیاز و بیروڕای ئەندامانی سەرکردایەتی گرتووە.
سەرۆکی یەکێتی گوتی، "بەپشتیوانی خوا کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو و یەکگرتوو ئەنجام دەدەین، پێکەوە دەچینە کۆنگرە و پێکەوە بەسەرکەوتوویی دێینە دەرەوە.. بەدڵنیاییەوە نەریتی بەستنی کۆنگرە بەشێوەیەک ئاسایی دەکەینەوە، وەک حیزبەکانی رۆژئاوا دوو ساڵ جارێک کۆنگرە ببەستین."
بە وێنە؛ لە هەولێر ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتیی بافڵ تاڵەبانی لەکۆبوونەوەدایە pic.twitter.com/7l75ykYFL5
— Rudaw (@Rudawkurdish) August 27, 2023
لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی پێشنیازی کردووە: "لە کۆنگرەدا ئەنجوومەنێکی کارا لە هەڤاڵانی تێکۆشەر دروست بکەین کە سەنگ و دەسەڵاتی هەبێت و یارمەتی ئێمە بدات لە سەرخستنی کارەکانمان."

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی سیاسیی کوردستان و عێراق و کێشەکان کراوە. سەرۆکی یەکێتی داوای لە ئەندامانی سەرکردایەتی کردووە، "بە هەمان گیانی یەکهەڵوێستی و یەکگوتاریی یەکێتی کە بووەتە مایەی ستایش و دەستخۆشی دۆستانمان لە عێراق و هاوپەیمانەکانمان لە دنیا لە ئەرکەکانیان بەردەوامبن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ