دژی رادەستکردنەوەی بارەگای پارتی، لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە کەرکووک خۆپێشاندان دەکەن

28-08-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
خۆپێشاندانی بەشێک لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی
خۆپێشاندانی بەشێک لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەشێک لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی دژی رادەستکردنەوەی بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی بەو حیزبە، خۆپێشاندان دەکەن و بەشێکی شەقامی سەرەکیی کەرکووک - هەولێریان داخست. 
 
ژمارەی ئەوانەی خۆپێشاندان دەکەن دەوروبەری 30 کەس دەبن. بە بلۆک و بەرد و بەرمیل سایدێکی شەقامی سەرەکیی کەرکووک - هەولێریان داخست، بەوپێیە بارەگاکە دەکەوێتە سەر ئەو شەقامە و لەکاتی داخستنیشدا، شەڕ و گرژی لەنێوان خۆپێشاندەرەکان و بەشێک لە شۆفێران روویدا. 
 
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو لە شوێنی خۆپێشاندانەکە ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی ئەو رێککەوتنانەی کە کراون، بڕیارێک هەیە ئەو بارەگایە رادەستی پارتی بکرێتەوە، بەڵام دوای ئەوەی لایەنە عەرەبی و تورکمانەکان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دژی ئەو بڕیارە وەستانەوە، ئەم خۆپێشاندانە روویدا. 
 
بارەگاکە لەدوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر شوێنی مانەوەی ژمارەیەک هێزی جیاجیا بوو، تاوەکو دواتر سوپای عێراقی تێدا جێگیرکرا. بەپێی گوتەی ئەو خۆپێشاندەرانەی قسەیان بۆ پەیامنێری رووداو کردووە، ئەوان ئەو بارەگایە بە "سیمبوولی چەسپاندنی یاسا" ناودەبەن و دژی ئەوەن رادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێتەوە و ئەو حیزبە بچێتەوە کەرکووک و چالاکیی سیاسی بکات. 
 
وەکو هەنگاوی یەکەم، ئەمڕۆ جموجووڵێک هەبوو تاوەکو بارەگاکە چۆڵ بکرێت، ئەو خۆپێشاندەرانەش باس لەوە دەکەن، رێگری دەکەن و ئەگەر سوپاش بڕوات، ئەوان نیازی ئەوەیان هەیە بچنە نێو بارەگاکە. 
 
ئەمە جاری سێیەمە رێککەوتن دەکرێت تاوەکو ئەو بارەگایە بدرێتەوە پارتی و حیزبەکە بگەڕێتەوە کەرکووک، بەڵام هەر سێ جارەکە رووبەڕووی هەمان ئاستەنگ و خۆپێشاندان بووەتەوە و بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە. لە دوو جاری پێشوودا لایەنگرانی حەشدی شەعبی خێوەتیان هەڵدەدا و نزیکەی چەند رۆژێک دەمانەوە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.