رووداو دیجیتاڵ
دەزگەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دانپێدانانی دەستگیرکراوانی لالەزاری بڵاوکردەوە کە دەگوترێت سەر بە لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەلن. تێیدا شێوازی هەوڵی "تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان" بە هاوکاریی ئەژی ئەمین باس دەکەن.
یەکێک لە دەستگیرکراوان بە ناوی رێنوار زریان فەتاح کە بەگوتەی خۆی لە ساڵی 2014ـوە لای لاهوور شێخ جەنگییەوە دەوام دەکات، لە دانپێدانانەکاندا دەڵێت، ''پلەکەم ئەفسەرە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان. ماوەی 45 رۆژ دەبێت پیلانێک دانراوە بۆ لێدان لە دەباشان و چەند شوێنێکی ئەمنیی سلێمانی و کاک بافڵ.''
بەگوتەی ئەو دەستگیرکراوەی لالەزار، دەستپێکی پلانەکەیان بەو شێوەیە بووە کە ''سێ شوێنمان [بۆ چاودێریی دەباشان] وەرگرت، کاک لاهوور کلیلەکانی دایە بە من کە هی چەند کەسێکی نزیک لە خۆی بوون.''
رێنوار زریان ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە شوێنەکان شووقەیەکی نێو پڕۆژەی نیشتەجێبوونی ''سیتی تاوەرز'' بووە، دووەم شوێن ماڵێک لە هەواری جوان، سێیەم شوێنیش شووقەیەک لە گوندی ئەڵمانی بووە کە هەرسێکیان نزیکن لە دەباشان.
''بە کامێرای پێشکەوتوو چاودێریی دەباشان دەکرا''
ئەو دەستگیرکراوە دەڵێت، ''سەرەتا لە سیتی تاوەرز دەستمان کرد بە دانانی کەلوپەلی نێوماڵ، دواتر لە رێگەی ئەژی ئەمینەوە کەسێک هات کە شارەزای بواری کامێرای چاودێری بوو و هات دوو کامێرای پێشکەوتووی دانا، بۆ ئەوەی چاودێریی جووڵەکانی نێو دەباشان و کاک بافڵ بکرێت.''
دواتر لەلایەن هەمان شارەزاوە، کامێرایەکی دیکەی چاودێری کە بەگوتەی رێنوار، ئەژی ئەمین ناردبووی، لە شووقەکانی هەواری جوان دانرا و ''سەرجەمیان بەسترانەوە بە هێڵی ئینتەرنێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت بە ئۆنڵاین سەیر بکرێن.''
هاوکات یەکێک لە دەستگیرکراوان بە ناوی رێبوار قودرەت رەسووڵ، دانیشتووی چوارقوڕنە و خەڵکی شاری کۆیە دەڵێت، مامۆستا و راهێنەری نیشانەشکێنم، پەیوەندیم لەگەڵ لاهووری شێخ جەنگی و لالەزار هەبوو، نزیکەی 45 شەو لەمەوپێشیش [لاهوور] تەلەفۆنێکی بۆ من کرد، گوتی کاری گرنگم پێتە بێی بۆ [لالەزار] ئێرە.''
بەگوتەی رێبوار قودرەت، لاهوور شێخ جەنگی رایسپاردووە کە مەودای نێوان شووقەکەی سیتی تاوەرز بۆ دەباشان دیاری بکات و دەڵێت، ''لەگەڵ رێنوار چووین، مەوداکەی بۆ دەباشان نزیکەی 600 بۆ 700 مەتر بوو''.
هاوکات رێنوار زریان ئاماژەی بەوە کرد، لەنێوان ئەژی ئەمین، لاهوور شێخ جەنگی، پۆلاد شێخ جەنگی و کەسێک بە ناوی چالاک عەلی کە دەبێتە خوشکەزای ئەژی ئەمین، چەندین کۆبوونەوە بۆ داڕشتنی پیلانی کوشتنی بافڵ تاڵەبانی رێکخراوە. گوتیشی، ''شەوێک کاک پۆلاد بەرەو هەولێر بەڕێکەوت، دواتر کە هاتەوە، ئەژی ئەمین، چالاکی خوشکەزای و دوو کەسی لەگەڵ خۆی هێنابوو کە شارەزای بواری درۆن بوون.''
''بڕیار درا لە یەک کاتدا بە دوو نیشانەشکێن لە بافڵ تاڵەبانی بدرێت''
رێنوار زریان زیاتر تیشک دەخاتە سەر ئەو "پیلان"ەی کە بۆ کوشتنی بافڵ تاڵەبانی دانراوە و دەڵێت، ''دەستپێکی پیلانەکە بەو شێوەیە بوو کە لەنێو کومباردا (فەرش)، دوو چەکی نیشانەشکێنم گواستەوە بۆ شووقەکەی نێو سیتی تاوەرز، دواتر دوو کەس کە شارەزای بواری درۆن بوون، ئەوانیش لەگەڵ چەند درۆنێک گوێزرانەوە نێو شووقەکە.''
بەگوێرەی دانپێدانانەکان، ئەو دوو کەسەی شارەزای نیشانەشکێن بوون، بریتین لە رێبوار قودرەت رەسووڵ و رێبوار حامید حاجی خالی.
رێبوار قودرەت باسی لەوە کرد، ''لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی ئەژی ئەمین و لاهوور شێخ جەنگی بڕیار درا کە بافڵ تاڵەبانی لە یەک کاتدا بە دوو نیشانەشکێن تەقەی لێ بکرێت. من و رێبواری حامی حاجی خالی''.
هاوکات لەو کۆبوونەوەیەدا نەخشەیەکی ماڵی بافڵ تاڵەبانی لە دەباشان خراوەتەڕوو، ''خاڵەکان دیاری کرابوون بۆ جی پی ئێس، بۆ ئەوەی درۆنەکان ئەو شوێنانە بپێکن کە هێز و بنکەیان لێیە.''
باسی لەوەش کرد، بڕیار وابووە بافڵ تاڵەبانی جیا لە نیشانەشکێن، بە درۆنی بۆمبڕێژکراویش لێی بدرێت و بکوژرێت.
رێبوار پیلانەکە زیاتر شی دەکاتەوە و دەڵێت، ''بڕیارەکە بەو شێوەیە بوو کە دوای کوشتنی بافڵ تاڵەبانی و ناردنی درۆنەکان، پۆڵاد شێخ جەنگی بە هێزێکی زۆرەوە بێتە نێو دەباشان، ئەژی ئەمین هێزی ناردبوو بۆ ئەم چالاکییە کە دەباشان بگرن.''
بەگوێرەی پلانەکە، دوای بەدەستەوەگرتنی دەباشان، بڕیار بووە لاهوور شێخ جەنگی بچێتە ئەو شوێنە و راگەیێندراوێک بە ناوی یەکێتی بڵاو بکاتەوە.
رێبوار قودرەت رەسووڵ باسی لە هەوڵێکی تیرۆرۆکردنی بافڵ تاڵەبانی کرد و گوتی، ''لە بەردەم پەنجەرەی شووقەکەوە [بە دووربین] چاودێریی ماڵی بافڵ تاڵەبانیم دەکرد، بەم شێوەیە دانیشتبووم چاودێریم دەکرد. من بینیم لە ماڵەکە هاتە دەرەوە و لەسەر قادرمەکە بوو. گوتم هات و چووینە سەر نیشانەشکێنەکان، بەڵام رێبوار (حامی حاجی خالی) گوتی من نەمبینیوە و درەنگ گوتووتانە''.
ئەو دەستگیرکراوەی لالەزار ئەوەشی خستەڕوو، لەدوای ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی دەرچووە، ''من لەلای ئەو بووم لە لالەزار، بڕیاری دا خۆی رادەست نەکات و گوتی هەموومان لێرە پێکەوە دەمرین و شەڕ دەکەین"
شەوی 21-08-2025 هێزە ئەمنییەکان لە سلێمانی داوای خۆبەدەستەوەدانی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل-یان کرد و گوتیان، فەرمانی دەستگیرکردنیان پێیە، ئەویش رەتیکردەوە.
دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە شەڕەکە کۆتاییهات، لاهوور شێخ جەنگی و برایەکی بە ناوی پۆڵاد دەستگیر کران.
بەگوێرەی دانپێدانانەکان، دوو رۆژ بەر لە شەڕەکەی لالەزار، دوو لە پاسەوانەکانی لاهوور شێخ جەنگی کە بۆ چاودێریی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکانی بافڵ تاڵەبانی دانرابوون، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.
عومەر شێخە عەبدوڵڵا یەکێک لەوانە بووە کە لەکاتی چاودێریی ئۆتۆمبێلەکان دەستگیر کراوە و دەڵێت، لە ساڵی 2016ـوە بووەتە پاسەوانی لاهوور شێخ جەنگی و لەدایکبووی ساڵی 1985ـوە.
بەگوتەی عومەر شێخە عەبدوڵڵا، ''رۆژی 19ـی ئاب رەمەزان حوسێن، پاسەوانی تایبەتی لاهوور شێخ جەنگی هات بۆ لام، بۆ ئەوەی بچین بۆ چاودێریی ئۆتۆمبێلەکانی بافڵ تاڵەبانی. رۆیشتین بۆ لای بەنزینخانەی بینایی (لە سلێمانی)، لەوێ چاوەڕێمان دەکرد، کاتێک کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی گەیشتن، رەمەزان ویستی تەلەفۆن بکات (بۆ لاهوور شێخ جەنگی)، بەڵام لەو کاتەدا دەستگیر کراین.''
''کارگەی دروستکردنی درۆن لە هەورازە نەوتە دانرا''
یەکێک لە دەستگیرکراوان بە ناوی بۆتان مستەفا حوسێن، لەدایکبووی ساڵی 2002 کە بەگوتەی خۆی شارەزای بواری درۆنە دەڵێت، ''سێ مانگی سەرەتا، لە هەورازە نەوتە هەر راهێنانی چەکوچۆڵیان پێکردووین، دواتر گوتیان دەبێت خۆتان فێری درۆنی خۆکوژی بکەن، بەو شێوەیە درۆنی خۆکوژیی ئۆکراینییان بۆ هێناین. دواتر ئەژی ئەمین لە هەورازە نەوتە (نێوان هەولێر و کۆیە) کارگەیەکی دروستکردنی درۆنی دانا.''
بەگوێرەی دانپێدانانی ئەو دەستگیرکراوەی لالەزار، پلانەکەیان بەو شێوەیە بووە کە ئەگەر درۆنەکان بۆ کوشتنی بافڵ تاڵەبانی و هێرشکردنە سەر دەباشان بەکارهێنران، ''دەبێت بە شێوەیەک بێت کە هەموو وابزانن ئێران یان تورکیا بووە.''
بۆتان مستەفا ئاماژەی بەوە کرد، رێبوار حامید حاجی خالی پێی راگەیاندوون، ''هەر کاتێک گوێتان لە دەنگی نیشانەشکێن بوو، درۆنەکان ئاراستەی دەباشان بکەن، من دێم و پێتان دەڵێم کە لە کوێ بدەن.''
یەکێکی دیکە لە دەستگیرکراوانی لالەزار بە ناوی حوسێن رەحیم محەممەد، دانیشتووی قەزای کەلار لە دانپێدانانەکاندا دەڵێت، ''لە ساڵی 2024ـوە پەیوەندیم بە هێزەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە گرتووە و لەلای ئەژی ئەمین دامەزراوم لە هەورازە نەوتە.''
بەگوتەی خۆی، لە هەورازە نەوتە یەکێک لە بەرپرسانی راگرتنی چەکوچۆڵ بووە و ئاماژەی دا، ''45 رۆژ لەمەوپێش بە فەرمانی کەسێک بە ناوی موقەدەم عەبدوڵڵا حەمە رەشید داوای 135 چەکم لێکرا لە جۆری ئێم فۆڕ و چیچانی، لە دوو ئۆتۆمبێل بار کران، بەڵام نەمزانی بۆ کوێ چوون.''
ئەو دەستگیرکراوە ئاماژە بەوەش دەکات، دوای چەند رۆژێک لە بارکردنی چەکەکان، ئەژی ئەمین بە ئەو و 13 کەسی دیکەی راگەیاندووە کە بچنە سلێمانی، ''تاوەکو نەگەیشتین، نەمانزانی دەچینە لالەزار، تەنانەت رێگەیان نەدەدا تێکەڵی هیچ کەسێک بین، بەڵام کاتێک بە فەرمانی لاهوور شێخ جەنگی چەکیان بۆ هێناین، بینیم ئەوە هەمان چەکە کە خۆم لە هەورازە نەوتە رادەستی موقەدەم عەبدوڵڵام کردووە.''
''بۆ راهێنان لەسەر درۆن چووینە ئۆکراینا''
موسلیم عەبدولڕەحمان محەممەد فەقێ، لەدایکبووی 2000 و دانیشتووی سۆران لە دانپێدانانەکەیدا باسی لەوە کرد، ''ماوەی دوو ساڵە کار لەگەڵ ئەژی ئەمین دەکەم و لە ئەنجوومەنی ئاسایش لای ئەو دامەزراوم.''
موسلیم عەبدولڕەحمان کە بەگوتەی خۆی شارەزای بواری درۆنە دەڵێت، ''تەلەفۆنیان بۆ کردم و گوتیان وەرە بۆ مەقەر لە هەورازە نەفتە، یەکەم راهێنان کە پێیان کردم راهێنانی چەکی چیچانی بوو بۆ ماوەی 20 رۆژ، دوای ئەوەی متمانەی تەواوی ئەوانم بەدەستهێنا ئەژی ئەمین و چالاک (خوشکەزای ئەژی ئەمین) هاتن بۆ لام و گوتیان گەشتێکی فێرکاریی کارکردن بە درۆنت بۆ رێکدەخەین، منیش رازی بووم.''
ئەو دەستگیرکراوەی لالەزار لەبارەی خولە راهێنانەکە ئاماژەی بەوە کرد، لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە چوونەتە تورکیا و لەوێوە بۆ پۆڵەندا. دواتر لە پۆڵەندا کە چوار کەس بوون، ڤیزای ئۆکراینایان بۆ وەرگیراوە و چوونەتە بنکەیەکی سەربازی لەو وڵاتە.
موسلیم عەبدولڕەحمان ئەوەشی خستەڕوو، لەو بنکە سەربازییەی ئۆکراینا، بۆ بەکارهێنان و هەڵدانی جۆرەکانی درۆن راهێنانیان پێکراوە.
''لە لالەزارەوە درۆن بەرەو دەباشان نێردرا''
ئەو دەستگیرکراوە باسی لالەزاریش کرد و گوتی، نزیکەی 14 کەس دەبووین (لە هەورازە نەفتەوە) چووینە لالەزار، شەوی یەکەم کە دابەزین، شوێنێکیان بۆ دابین کردین بۆ مانەوە. هەر ئەو شەوە لاهوور شێخ جەنگی خۆی هات بۆ لامان و گوتی ئێمە یەکێتی وەردەگرینەوە و هێرشێکی باش دەکەین، دژەتیرۆر و سەرجەم شوێنە هەستیارەکانی یەکێتی بە دەباشانەوە دەگرین.''
بەگوتەی موسلیم، لە کاتی شەڕەکەدا، لە سەربانی لالەزارەوە دوو درۆنی ئاراستەی دەباشان و بینای کۆنی وەزارەتی پێشمەرگە کردووە؛ ''دوای ئەوەی ویستم درۆنی سێیەم بنێرم، نەفڕی و هەڵگەڕایەوە شوێنی خۆی.''
ئەو دەستگیرکراوەی لالەزار دەڵێت، دوای هەڵگەڕانەوەی ئەو درۆنە بۆ سەر لالەزار، ترساوە و چیدیکە درۆنی بەرەو دەباشان ئاراستە نەکردووە، ''گوتم چونکە نافڕێت و ترسی ئەوە هەیە لە نێو خۆماندا بتەقێتەوە و بمرین.''
موسلیم عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوە کرد، کاتی شەڕەکەی لالەزار، چالاکی خوشکەزای ئەژی ئەمین کە شارەزای بواری درۆنە، لە هەولێر بووە و 'لەوێوە چەند درۆنێکی ئۆکراینی بە ئاراستەی سلێمانی نارد کە مەودای فڕینیان نزیکەی 300 کیلۆمەترە و دەتوانن 4.5 کیلۆگرام بۆ پێنج کیلۆگرام تەقەمەنی هەڵبگرن''.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دەزگای ئاسایشی هەرێم (سلێمانی) فەرمانی دەستگیرکردنەکەی لاهوور شێخ جەنگی و چەند داواکراوێکی دیکە بەگوێرەی مادەی 406 بووە لە یاسای سزادانی عێراقی کە تایبەتە بە کوشتنی بەئەنقەست.
پێشتر حاکم سەلاح حەسەن، گوتەبێژی دادگەی سلێمانیش بە رووداوی گوتبوو، فەرمانی دەستگیرکردنەکە بەگوێرەی مادەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی بووە کە پەیوەستە بە کۆبوونەوەی کۆمەڵێک کەس و رێککەوتنیان لەسەر ئەنجامدانی تاوانێک یان چەند تاوانێک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ