رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو لە گوندێکی سنووری خورماتوو، ژمارەیەک عەرەبی هاوردە بە پاڵپشتیی سوپای عێراق هەوڵی داگیرکردنی چەند پارچە زەوییەکی دوو جووتیاری کوردیان داوە. ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدینیش دەڵێت، 7 بڕیاری دادگەی کارگێڕییان پێبوو بۆ داگیرکردنی چەند پارچە زەوییەک، بەڵام جووتیارە کوردەکان پێیان نەدان.
ئەمڕۆ چوارشەممە یاسین داوودى، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "شەوی رابردوو هێزێکی سوپای عێراق و بەرپەرچدانەوەی خێرا و پۆلیس، کە ژمارەیەک لە سەرۆک هۆزەکانی عەرەبی سنووری خورماتوویان لەگەڵ بوو، چوونە سەر گوندی تەپەسەوز و داوای زەویی کشتوکاڵی دوو جووتیاری ئەو سنوورەیان دەکرد، کە گوایە موڵکی ئەوانە."
ئەو ئەندامەی لیژنەی کشتوکاڵ گوتی، "ئەو عەرەبانە خەڵکی راستەقینەی حلێوەن، حەوت بڕیاری دادگەی کارگێڕییان پێبوو، کە تایبەت بوو بە چەند پارچە زەوییەکی دەوروبەری ئەو گوندە و لە بڕیارەکەدا زەوییەکان بە ناوی عەرەبەکان کرابوون، بەڵام پێش ئەوەی پشێوی دروست ببێت گەیشتینە شوێنەکە و دوای ئەوەی جووتیارە کوردەکان رازی نەبوون زەوییەکان رادەست بکەن، سوپا و عەرەبەکان کشانەوە."
وەک ئەندامەکەی لیژنەی کشتوکاڵ ئاماژەی پێدەکات، "ئەو زەوییانە پێشتر موڵکی کورد بوون، دواتر لە 1990 کراونەتە زەوی سنووری فڕۆکەخانەی سدیقی سەربازی، بەڵام دواتر بە بڕیاری ئەنجوومەنی شۆڕشی بەعس، بەناوی عەرەبەکان کراوە."
بە گوتەی یاسین داوودى، "ئامانجی ئەو عەرەبانە ئەوەیە، پێش ئەوەی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی شۆڕشی هەڵوەشاوە و گەڕاندنەوەی زەوییەکان جێبەجێ بکرێت، بە بڕیاری دادگە ئەو زەوییانە داگیربکەن."
گوندی تەپەسەوز، دەکەوێتە بەشی باکووری رۆژئاوای قەزای خورماتوو و دانیشتووانەکەی کوردن.
هاوکات، ئەحمەد جومعە، نوێنەری جووتیارانی گوندی تەپەسەوز بە رووداوی گوت، "ئەو پارچە زەوییانەی شەوی رابردوو عەرەبەکان داوایان دەکرد، موڵکی دوو جووتیاری کوردی ئەم گوندەیە و 180 دۆنمە، بەڵام ئەو دوو جووتیارە ئامادە نەبوون زەوییەکە رادەست بکەن. ئەو عەرەبانە دەیانەوێت هەنگاو بە هەنگاو 2000 دۆنمی ئەم گوندە داگیربکەن، کە موڵکی 35 جووتیاری کوردە."
ئەحمەد جومعە راشیگەیاند، "ئەو حەوت بڕیارە ئەنجوومەنی شۆڕش لە ساڵی 1990 دەریکردوون و سەرجەمیان نایاسایین، تاوەکو بشتوانین ئەو زەوییانە هەرگیز رادەست ناکەین."
لەلای خۆیەوە، یاسین داوودى دووپاتی کردەوە کە ئەوان پاڵپشتی جووتیارە کوردەکان دەبن و هەوڵ دەدەن لە رێگەی دادگە و یاساوە مافی ئەو جووتیارە کوردانە بپارێزن. گوتیشی، "ئەو پاڵپشتییە لە رێگەی جێبەجێکردنی یاسای گەڕاندنەوەی زەوییەکان و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی پێشووی بەعس دەکرێت."
رۆژی 21ى کانوونى دووەمى 2025، پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە و گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان لە پەرلەمانى عێراق دەنگى لەسەر درا.
سێ لە گرنگترین بڕیارە هەڵوەشاوەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی رژێمی پێشووی عێراق ئەمانەن:
- بڕیاری ژمارە 369ـی ساڵی 1975: ئەم بڕیارە سنوورەکانی دووبز، تۆپزاوە، بەشێک لە داقووق و لەیلان دەگرێتەوە؛ کۆی گشتی 123 هەزار دۆنم زەوییە.
- بڕیاری ژمارە 824ـی ساڵی 1976: ئەم بڕیارە زیاتر لە 9 گوندی ناوچەی داقووق دەگرێتەوە کە زەوییەکانی شێخەکانی تاڵەبانین و نزیکەی 38 هەزار دۆنم زەویین.
- بڕیاری ژمارە 949ـی ساڵی 1977: ئەم بڕیارە 10 گوند لە سنووری سەرگەڕان و 2 گوند لە سنووری پردێ دەگرێتەوە؛ کۆی گشتی 44 هەزار دۆنم زەوییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ