مەلا بەختیار: ئێستا یەکێتی لەناو خۆیاندا دژی یەکن

27-09-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

مەلا بەختیار لەبارەی دۆخی نێوخۆی یەکێتی رایدەگەیێنێت، "ئێستا یەکێتی لەناو خۆیدا دژی یەکن"، هەروەها دەشڵێت، ئەگەر چاکسازی نەکرێت، "من دڵنیام یەکێتی چارەنووسێکی خراپتر چاوەڕوانیەتی".
 
ئەمڕۆ دووشەممە 27-09-2021 مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە فەیسبووک وتارێکی لەبارەی دۆخی نێوخۆی حیزبەکەی لە ژێر ناونیشانی "یەکێتی کاتی کەمە، دەبێ رەخنە لەخۆی بگرێ" بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەگەر یەکێتی خەڵک دڵنیا نەکات کە دوای هەڵبژاردن "بەرنامەی چاکسازی و پاکسازی و عەقڵسازی جێبەجێ ئەکات، من دڵنیام یەکێتی چارەنووسێکی خراپتر چاوەڕوانیەتی."
 
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەدا، مەلا بەختیار دەپرسێت، "ئایا سەرکردایەتیی ئێستای یەکێتی و لیژنەی باڵای هەڵبژاردن دەزانن لەناو هەستی یەکێتییەکان و دەنگدەرانی یەکێتیدا چ برینێکی دەروونی قووڵیان خوڵقاندووە؟ برینەکە زۆر لەوە قووڵترە لەکاتی جیابوونەوەی گۆڕان لەژێر کاریگەریی پڕوپاگەندەکانی گۆڕان، یەکێتی 18 کورسی و گۆڕان 25 کورسییان هێنا."
 
نزیکەی دوو هەفتە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ماوە، مەلا بەختیار ئاماژە بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو دەکات و دەڵێت، "ئێستا نە گۆڕان پڕوپاگەندە دژی یەکێتی دەکات و نە هاوپەیمانیە دیموکراتیە کاتیەکەی د. بەرهەمیش دژی یەکێتین. ئێستا یەکێتی لەناو خۆیدا دژی یەکن. یەکێتی لەناوخۆیا بەربڵاوترین هەڵمەتی دژایەتی یەکتر کە لە مێژووی یەکێتیدا وێنەی نەبوە، هاوکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن بەردەوامە."
 
رۆژی 08-07-2021 سەرەتای سەرهەڵدانی کێشەکانی نێوان هاوسەرۆکانی یەكێتی بوو، ئەوەش بە گۆڕینی هەردوو فەرماندەی دژە تیرۆر و بەرپرسی دەزگای زانیاری دەستیپێکرد. دواتر باڵی کێشا بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵاتەکانی هاوسەرۆکایەتی لە لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی.
 
مەلا بەختیار لەبارەی رووداوەکانەوە دەڵێت، "ئەم بڕیار و سیاسەتە ناوخۆییەی یەکێتی بەبێ ئەوەی لە دوای 8ـی تەممووزەوە بۆ یەکجاریش سەرکردایەتی کۆببێتەوە سەپێنراون. لە کاتێکدا لە دوای چوارەمین کۆنگرەوە، بۆ ئەوەی پیشان بدرێ یەکێتی یەکگرتووە سەرکردایەتیی یەکێتی لەسەر کۆمەڵێک ئەرکی لاوەکی کۆبوونەوەی بێ سەروبەری ئەکرد بەبێ ئەوەی لەو کۆبوونەوانە بچووکترین کێشەی ناوخۆیی و کێشمەکێشی دەرەوەی یەکێتی چارەسەر کرابن."
 
دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال، سکرتێری پێشووی یەکێتی، چەندین کێشە رووی کردە ئەو حیزبە، سەرکردایەتیی حیزبەکەش بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان کۆنگرەی چوارەمی حیزبەکەی لە 21-12-2019 سازکرد و سیستەمی هاوسەرۆکیان پەسندکرد، لە دوای ئەوەوە بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی بوونە هاوسەرۆک. 
 
مەلا بەختیار لەو بارەوە دەڵێت، "ئەو درووشمە زەقەی بە ناوی نوێبوونەوە بەرز کرایەوە، نەک یەکێتی نوێ نەکرایەوە، بەڵکو نائومێدییەکی رەها و بێ متمانەییەکی رەها و پێشێلکردنی رەهای پرەنسیپەکانی حزبایەتی شلکردنی جڵەوی هەلپەرستی و مشەخۆری رەها، لە ناو یەکێتی و لە پەنای درووشمی نوێبوونەوەدا سەری هەڵدا".
 
هەروەها لە کۆتایی وتارەکەیدا دەڵێت، "تکام وایە هەموومان تێبگەین مادام یەکێتی خۆی دانی پیاناوە لە ساڵانی رابردوودا هەڵەی پڕ لە هەڵدێری کردووە، کەوابێ دەبێ ئەو هەڵانە بە رەخنە لەخۆگرتن و ریشەکێش کردن چارەسەر بکرێ نەک بە داپۆشینی چەواشەکارانە. ئەم قسانەم بۆ مێژوو دەکەم بە دڵنیاییەوە دوو هەفتەی تر رووبەڕووی یەکتر ئەبینەوە. ئەو کاتە ئیتر هەڵوێستەکان گۆڕانکارییان بەسەردێت."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای یەکێتی و بارەگای مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە لە هەولێر

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر وەڵامی میران بەکر دەداتەوە

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر و میران بەکر، رۆژنامەڤان و سکرتێری پێشووی وەزیری پێشمەرگە، دوو گێڕانەوەی جیاواز بۆ رووداوەکەی شەوی رابردوو بڵاودەکەنەوە.