رووداو دیجیتاڵ
لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی کرماشان-روانسەر، پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و 10ـی دیکەش بریندار بوون.
یەکێک لە رووداوەکان ئێوارەی دوێنێ هەینی، 26-09-2025، لەسەر رێگەی کرماشان-روانسەری رۆژهەڵاتی کوردستان روویدا کە بەگوتەی مەسعود قەلعە سفیدی، بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای پارێزگای کرماشان، دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆرەکانی پیژۆ پارس پێکیانداداوە.
مەسعود قەلعە سفیدی ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی رووداوەکەوە، چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
وەک بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای کرماشان دەڵێت، دوای دەرهێنانەوەیان، تەرمەکان گواستراونەتەوە دادپزیشکیی کرماشان و بریندارەکانیش گەیێندراونەتە نەخۆشخانە.
هاوکات ئێوارەی دوێنێ رووداوێکی دیکەی هاتووچۆ لەسەر رێگەی روانسەر-کرماشان بەرامبەر کۆمەڵگەی پیشەسازیی روانسەر روویدا و وەک مەسعود قەلعە سفیدی گوتی، تێیدا چوار ئۆتۆمبێلی تایبەت پێکیانداداوە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی کەسێک.
بەگوتەی بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای پارێزگاکە، لە رووداوەکەدا حەوت کەسی دیکەش بریندار بوون کە چواریان گەیێندرانە نەخۆشخانەی روانسەر و ئەوانەی دیکەش چارەسەری سەرەتاییان وەرگرت.
بەگوێرەی دادپزیشکیی ئێران، لە 21-03-2024 تاوەکو 21-03-2025، 20 هەزار و 45 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ