رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە 6 مانگی رابردوودا لە 30 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا، هێزەکانی جەندرمە زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامداوە. بەهۆیەوە 144 ئەشکەوت و حەشارگەی پەکەکە خاپوورکراون و دەست بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گیراوە.
ئەمڕۆ شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، راگەیێندراوێکی لەبارەی چالاکییە ئەمنییەکانی لە باکووری کوردستان و تورکیا لە چوارچێوەی "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" بڵاوکردەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، لە 6 مانگی رابردوودا لە 30 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا، هێزەکانی جەندرمە زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامداوە. بەهۆیەوە 144 ئەشکەوت و حەشارگەی پەکەکە خاپوورکراون و دەست بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گیراوە.
وەزارەتەکە راشیگەیاند، هەرم لەم ماوەیەدا 18 گەریلا خۆیان رادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە. هەروەها دەست بەسەر ئەم چەک و کەلوپەلانەدا گیراوە: 174 نارنجۆک، 119 کلاشنکۆف، 58 بۆمب و مین، 46 کیلۆگرام مادەی تەقەمەنی، 13 ئارپیجی، 7 هاوەن، 11 بیکەیسی، 4 دەمانچە، 4 تفەنگی ئەمریکی، 34 بێتەل، 5 موەلیدە و 1399 فیشەکی جۆراوجۆر.
ئۆپەراسیۆنەکان بە بەشداریی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی جەندرمە (JÖH)، کۆماندۆی جەندرمە و گوندپارێزەکان و بە پشتیوانیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی و هێلیکۆپتەری ئاتاک ئەنجامدراون.
ئۆپەراسیۆنەکان لە پارێزگاکانی ئێلیە، ئاگری، ئەردەخان، ئارتڤین، سەمسوور، چەولیگ، بەدلیس، ئامەد، خارپێت، ئەرزینگان، ئەرزەڕۆم، دیلۆک، گیرەسون، گوموشهانە، جۆلەمێرگ، هاتای، ئیدر، مەڕەش، قەرس، مێردین، مووش، ئۆردو، عوسمانییە، ریزە، سێرت، سێواس، شرنەخ، تۆکات، دێرسیم و وان بەڕێوەچوون.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا پیرۆزبایی لە هەواڵگریی جەندرمە، بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و فەرماندەییەکانی جەندرمە کردووە و رایگەیاندووە، "بۆ ئارامی و ئاسایشی گەلەکەمان هەمیشە لە ئەرکداین."
ئەم ئۆپەراسیۆنانەی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە کاتێکدایە پڕۆسەی نوێی چارەسەری لە 1ـی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی دەستیپێکرد، دواتر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێ و چەک دابنێت. پەکەکەش لە ئایاری ئەم ساڵدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. رۆژی 11ـی تەممووزی ئەم ساڵ 30 گەریلای پەکەکە بەشێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی سووتاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ