قوتابییانی کورد لە ناوچە دابڕێندراوەکان دەچنە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان

27-09-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە سبەی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی قوتابییانی 12ی ئامادەیی لە کەرکووک و ناوچەکانی سنووری مادەی 140 ئاشکرا بکرێت. بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە سنوورەکە دەڵێت، 20%ی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ خوێندنی کوردیی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان تەرخانکراون.
 
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەم ساڵ 6400 قوتابیی 12ی ئامادەییمان هەبوو، بەشێکیان خولی یەکەم دەرچوون و بەشێکیشیان تاقیکردنەوەی خولی دووەمیان کردووە، سبەی ئەنجام وەردەگرنەوە."
 
بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەشڵێت، "ئەم ساڵ 1100 دەرچوومان لە زانکۆلاینەوە داوای خوێندنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، ئەوانەشی لە خولی دووەم دەردەچن هەمان مافیان هەیە داوای خوێندن لەو زانکۆیانە بکەن."
 
کامەران عەلی ئاماژەی بەوەش کرد، 20%ی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراون بۆ قوتابیانی خوێندنی کوردی لە ناوچەکانی مادەی 140، کە زۆرینەیان لە پارێزگای کەرکووکە.
 
بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک باس لەوە دەکات، بەشێکی دەرچووانی 12ـی ئامادەیی لە کەرکووک بۆ ئەوە روودەکەنە زانکۆکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کۆلێژە دڵخوازەکانیان نمرەی کەمتریان پێویستە لە کۆلێژەکانی کەرکووک و ئەو ناوچانەی سەر خوێندنی باڵای عێراقن.
 
کامەران عەلی روونیکردەوە، "لێرە قوتابییەک کۆی وانەکان 100 نمرەی هێنابێت و لە عەرەبی 70ـی هێنابێت کۆلێژی پزیشکیی وەری ناگرێت، چونکە تێكڕای نمرەکانی دادەبەزێت، بەڵام کە بچێتە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، لە عەرەبی و کوردی نمرەی کەمی هەبێت بۆ هەژمار ناکرێت و بە وانەکانی دیکە دەتوانێت لە کۆلێژی پزیشکیی بخوێنێت."
 
بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک هۆکارێکی دیکەی خواستی قوتابیانی کورد بۆ خوێندن لە هەرێمی کوردستانی بەمشێوەیە خستەڕوو، "ئەگەر کۆلێژی پزیشکی کەرکووک کۆنمرەی 99% وەربگرێت، لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 97% کۆلێژی پزیشکی وەری دەگریت، ئەوەش دەرفەت و چانسێکی باشە بۆ قوتابیان و روودەکانە کۆلێژەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک."
 
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەموو دەرچووانی خوێندنگە کوردییەکانی کەرکووک، خانەقین، خورماتوو، شنگال و مەخموور ئەم ساڵ دەرفەتی خوێندنیان لە هەرێمی کوردستان بۆ دەڕەخسێنرێت."
 
بەگوێرەی بەدوادچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، ساڵانە لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان نزیکەی 150 هەزار قوتابی خوێندنی کوردی دەخوێنن، کە سەرجەم پێداویستییە مادی و لۆجستییەکانیان سەر بە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانە.
 
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان لە 23-09-2025 سیستمی زانکۆلاینی بۆ وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی 12 لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان کارا کردووە و بۆ ماوەی هەشت کراوە دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە بەرنامەی ئەمشەوی لەگەڵ رەنج لە 30 خولەک 800 ملیۆن دینار کۆکرایەوە.

خێرخوازان لەڕێی رووداوەوە 6,687,870,000 دیناریان بەخشییە زیانبەرکەوتووانی لافاو

بۆ دووەم شەو لەسەر یەک رەنج سەنگاوی، پێشکەشکاری رووداو بەردەوام بوو لە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو لە باشووری کوردستان، ئەمشەویش چوار سەرمایەدار کۆی گشتی 800 ملیۆن دیناریان بەخشی.