هەڵبژاردنی ژاپۆن؛ حیزبی دەسەڵاتدار دەیان کورسی لەدەستدا

27-10-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ژاپۆن دا، راپرسییەکان دەریدەخەن کە پارتی فەرمانڕەوا مەترسیی لەدەستدانی زۆرینەی پەرلەمانی لەسەرە. ئەمەش دوای ئەوەی بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو، زیاتر لە 100 کورسی لەدەستداوە و هۆکارەکەش گرانی و گەندەڵییە.
 
رۆژی یەکشەممە 27-10-2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ژاپۆن بەڕێوەچوو. لە هەڵبژاردنەکە چوار پارتی سەرەکی هەن: پارتی لیبراڵ دیموکرات (LDP) کە نزیکەی 70 ساڵ پارتی فەرمەنڕەوا بوو؛ پارتی دیموکراتی دەستووری (CPD) کە ئۆپۆزسیۆنە؛ پارتی ئیشین و پارتی کۆمیتۆ.
 
ئەوەی جێگەی سەرنجە، لە هەڵبژاردنی ئەم ساڵدا پارتی لیبراڵ دیموکرات بە سەرکردایەتیی شیگێرو ئیشیبا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، ژمارەیەکی زۆری کورسی لەدەستدا و بەشێکی خەڵک بڕیاریاندا متمانەیان پێنەکەن.
 
لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2021، پارتی CPDـی راستڕۆ توانی 259 کورسی لە 465 کورسیی پەرلەماندا بەدەستبهێنێت؛ واتا توانی دووبارە ببێتەوە فەرمانڕەوا و حکومەت پێکبهێنێت، چونکە لە پەرلەمانی ژاپۆن 233 کورسی بۆ زۆرینە پێویستن. 
 
هێشتا ئەنجامی کۆتایی رانەگەیێندراوە، بەڵام ئەنجامە بەرایی و راپرسییەکانی دوای هەڵبژاردن دەڵێن: "پارتی لیبراڵ دیموکرات 153 بۆ 219 کورسی؛ پارتی دیموکراتی دەستووری 128 بۆ 191 کورسی؛ پارتی ئیشین 28 بۆ 45 کورسی و پارتی کۆمیتۆ 27 کورسی دەبەنەوە."
 
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، پارتی CPD کە پارتێکی ئۆپۆزسیۆنە لە 2021ـدا توانی 98 کورسی بباتەوە، لەم هەڵبژاردنە پێشبینیی بردنەوەی لانیکەم 120 کورسی لێدەکرێت.
 
پارتی فەرمانڕەوا لە چەند ساڵی رابردوو رووبەڕووی ناڕەزایی زۆری خەڵک بووەوە، ئەمەش بەهۆی بەرزیی هەڵاوسان، کێشە ئابوورییەکان، گرانی، گرنگی نەدان بە بەهای خێزان، زۆریی کاژێرەکانی کارکردن و چەندین ئابڕووچوونی نێو حیزبەکە.
 
ژاپۆنییەکان پێیانوایە، بەرزیی هەڵاوسان و نرخەکان هەروەها زۆریی کاژێرەکانی کارکردن وایکردووە خەڵک کەمتر وەچە بخەنەوە و ژمارەی خێزان و ئەندامەکانی خێزان روو لە کەمبوونە؛ بەمجۆرە ژمارەی بەساڵاچووەکانی ژاپۆن و مردنیان بەردەوام لە زیادبووندایە.
 
شیگێرو ئیشیبا کە لە 01-10-2024 پۆستی سەرۆکوەزیرانی ژاپۆنی وەرگرت، ئەمەش دوای ئەوەی فومیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانی پێشوو لەسەر ئابڕووچوونێکی دزینی پارە و گەندەڵیی حیزبەکەی دەستی لەکار کێشایەوە؛ گوتی: "خەڵک حوکمی ناڕەوایان لەسەر ئێمە داوە. ئەگەر بەهۆی ئەو حوکمدانەوە نەتوانین زۆرینەی پەرلەمان بەدەستبهێنین، داوا دەکەین زۆرترین خەڵک هاوئاهەنگیمان لەگەڵ بکەن."
 
ئیشیبا بۆ ئەوەی متمانەی خەڵک لە دەستنەدات هەڵبژاردنی پێشوەختەی راگەیاند، بەڵام ئەگەر زۆرینە لەدەستبدات، مەترسیی لەدەستدانی کورسییەکەی هەیە.
 
بەرپرسی تیمی هەڵبژاردنی پارتەکەش گوتی: "لەم هەڵبژاردنە پارتەکەمان شەڕێکی قورسی کرد."
 
دوێنێ شەممە، ئیشیبا دوایین بانگەشەی خۆی کرد و لەبارەی دەنگۆی گەندەڵییەکانی نێو حیزبەکەی داوای لێبووردنی کرد. "بەڵێن دەدەین بە راستگۆیی، یەکسانی و دادپەروەرییەوە دەستپێدەکەینەوە."
 
پێش ئەو هەڵبژاردنە، پارتی فەرمانڕەوا لەگەڵ پارتی کۆمیتۆ کە پارتێکی میانڕۆیە، هاوپەیمانێتی پێکهێنا، بەڵام چەند راپرسییەکی دوای هەڵبژاردن پیشانی دەدەن کە تەنانەت لەگەڵ ئەوانیش ناتوانن زۆرینە بەدەستبهێنن.
 
پارتی CPDـی ئۆپۆزسیۆن لەلایەن یۆشیهیکۆ نۆدا، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ژاپۆنەوە سەرکردایەتیی دەکرێت و هەرچەندە راپرسییەکان دەڵێن زۆرینە ناباتەوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت دوو هێندەی کورسییەکانی هەڵبژاردنی پێشوو بباتەوە. 
 
نۆدا گوتی: "سیاسەتی پارتی LDP ئەوەیە زوو یاسا بۆ ئەو کەسانە جێبەجێ بکەن کە پارەیەکی خەیاڵییان پێدەدەن بەڵام ئەوانەی باری داراییان لاوازە، پشتگوێ دەخرێن. فەلەسەفەی بنچینەیی ئێمە ئەوەیە کە چیدیکە ئەو پارتە لە دەسەڵاتدا نەمێننەوە. ئەوان تەنانەت بە تەواوی پشتگیریی قوربانییەکانی بوومەلەرزەکانی ژاپۆنیان نەکردووە."
 
یوشیرۆ ئوچیدا، دانیشتوویەکی شاری تۆکیۆی پایتەختە و گوتی: "سەیری سیاسەتی ئابووری و کەمکردنەوەی هەڵاوسانی حیزبەکانم کرد، ئینجا بڕیارمدا دەنگ بەكێ بدەم؛ دەنگم بەو کەسانە دا کە چاوەڕوانییان لێدەکرێت ژیانمان باشتر بکەن."
 
لە هەڵبژاردنی ئەم ساڵی ژاپۆن دا، 104 ملیۆن و 179 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام 56.1٪ـی دەنگدەران بەشدارییان تێدا کرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە