بانگەشە لە 24 کاژێردا؛ پارتی چاوی لە ملیۆنێک دەنگە و سوودانی داوایەکی هەیە

27-10-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نێچیرڤان بارزانى دوو کاری سەرەکیی بەربژێرە سەرکەوتووەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دیاری دەکات و دەڵێت: "پارتی دەبێتە حیزبی یەکەمی عێراق و حیزبی یەک ملیۆنی". سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانى عێراق داواى هەڵبژاردنى بێگەرد و بەشداریی کارا دەکەن. سەرۆکى پەرلەمانیش دڵنیایە سەرکەوتن بە دەست دەهێنێتەوە، بەڵام ئەگەر وا نەبێت "زویر نابێت".
 
نێچیرڤان بارزانی: ئەم هەڵبژاردنە گرنگە بۆ جێبەجێکردنی دەستوور 
 
نێچیرڤان بارزانی، جێگرى سەرۆکى پارتى دیموکراتی کوردستان 26ـى تشرینى یەکەمى 2025، لە بانگەشەی پارتی لە ئاکرێ و لە بەردەم لایەنگرانی پارتەکەى جارێکی دیکە باسی چاڵێنجی یەک ملیۆن دەنگی بۆ حیزبەکەی کرد و گوتی: "بە پشتیوانیی ئێوە پارتی دەبێتە حیزبی یەکەمی عێراق و حیزبی یەک ملیۆنی و زیاتریش." 
 
نێچیرڤان بارزانی باسی پێشمەرگایەتیی سەرۆک بارزانی دەکات و دەڵێت: "هەر کاتێک لە چیای پیرس دەڕوانین، دەستپێکردنی خەباتی سەرۆک مەسعود بارزانی دەبینین." جەختى لەوە کردەوە "دەبێت پارتی سەربکەوێت تاوەکو کوردستان بباتە قۆناخێکی باشتر و ئارامی و ئاوەدانی لە کوردستان بەردەوام بێت." 
 
لیستى پارتى لە دهۆک بە 22 بەربژێر رکابەرى لەگەڵ لایەنەکانى دیکە دەکات بۆ بەدەستهێنانى 12 کورسیی پشکى پارێزگاکە، یەکێکیان کۆتاى کریستیانە.
 
نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەش کرد، ئامانجی پارتی ئەوەیە هاوشێوەی شارەکانی هەرێمی کوردستان، شارەکانی عێراقیش پێشبكەون و برایەتیی کورد و عەرەب زیاتر بێت. 
 
گوتیشی: "پەرلەمانتارانمان لە خولی داهاتوو دوو کاری سەرەکییان هەیە: یەکەم دەبێت ئەو یاسایانەی دەردەچن فیدراڵی بن، چونکە رووحی دەستووری عێراق هاوبەشی و سازانە. دووەم: یاساکانی سەردەمی رژێمی پێشوو بگۆڕدرێن تاوەکو سیستمی عێراق ببێتە سیستمێکی فیدراڵی." 
 
نێچیرڤان بارزانی پەیوەندیییەکانی ئێستای نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بە "حوکمی مەرکەزی" ناوبرد و رایگەیاند: "ئەم هەڵبژاردنە گرنگە بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی ئاوەدانی."
 
"رکابەرى لەسەر بەرنامە نەک ناوچەگەرى"
 
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، کەسانێک هەن بانگەشە بۆ درۆ دەکەن بۆ ساختەکردنی راستییەکان لەپێناو رێگری لە بەشداری لە هەڵبژاردن. جەختى کردەوە پێویستە رکابەریی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای کارنامە و پڕۆژە بێت و دوور بێت لە گوتاری ئاژاوەگێڕی و ناوچەگەرێتی.
 
ئەو گوتانەی سوودانی لە کۆبوونەوەیەکدا بوو لە 26ـی تشرینی یەکەمی 2023 لەگەڵ نوێنەری هەندێک لە ریش سپییان و سەرۆک خێڵەکانی رۆژئاوای بەغدا.
 
محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند: "پێویستە هەموو لایەک کۆک بن لەسەر بەشداریی کارا لە هەڵبژاردن و نابێت لەدەست بدرێت، کە مافێکی دەستوورییە و چارەنووسی وڵات بۆ چوار ساڵی داهاتوو یەکلایی دەکاتەوە."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "کەسانێک هەن بانگەشە بۆ درۆ دەکەن بۆ ساختەکردنی راستییەکان و شێواندنی رای گشتی لەپێناو رێگری لە بەشداری لە هەڵبژاردن."
 
محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند: "پێویستە رکابەریی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای کارنامە و پڕۆژە بێت و، دوور بێت لە گوتاری ئاژاوەگێڕی و ناوچەگەرێتی و ئاشووب."
 
سەرۆککۆمار داواى "هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد" دەکات 
 
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، 26ـى تشرینى یەکەم لە کۆشکی بەغدا لەگەڵ عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبووەوە.
 
سەرۆککۆماری عێراق پشتگیریی خۆی بۆ هەوڵەکانی کۆمیسیۆن لە رێکخستنی "هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد" دەردەبڕێت، بەجۆرێک ئیرادەی راستەقینەی دەنگدەران رەنگ بداتەوە.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوى سەرۆکایەتیى کۆمار، سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و سەرپەرشتیاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، جەختیان لەسەر پابەندبوونی کۆمیسیۆن بە هەموو رێکارە کارگێڕییەکان کردەوە، بۆ دڵنیابوون لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد، لە ئاست خواست و داوای خەڵک بێ و مافیان لە هەڵبژاردنی ئازادانەدا بپارێزێت".
 
15 بەربژێر کەمى کردووە  
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2025، نوێترین ئاماری بەربژێرانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ژمارەی گشتیی بەربژێران گەیشتووەتە 7,754 کەس.
 
پێشتر لە یەکى تشرینى یەکەم ئەنجوومەنى کۆمیسیاران ناوى بەربژێرانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقى پەسند کرد کە ئەو کاتە 7769 بوون، بەوپێیە لەدواى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردن 15 بەربژێرى دیکە دوورخراونەتەوە.
 
بانگەشەى هەڵبژاردن لە 3ـى تشرینى یەکەم دەستى پێکردووە و تاوەکو 8ـى تشرینى دووەم بەردەوام دەبێت.   
 
بەگوێرەی ئامارى کۆمیسیۆن، زۆرینەی بەربژێرەکان پیاون، کە ژمارەیان 5,504 بەربژێرە، لە کاتێکدا ژمارەی بەربژێرە ژنەکان گەیشتووەتە 2,250 بەربژێر و 4,449 بەربژێر لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکاندان، لەکاتێکدا ژمارەی بەربژێرانی پارتە سیاسییەکان 3,230 کەسن.
 
"ئەندامێکى باندى دزیى سەدە لیستى بۆ هەڵبژاردن هەیە"
 
شبل زەیدى، سەرۆکى هاوپەیمانیی خەدەمات بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، یەکێک لە ئەندامانى ئەو باندەى تۆمەتبارن بە "دزیى سەدە" لیستى هەیە بۆ هەڵبژاردن، بەڵام بەبێ ئەوەى ناوى ئەو کەسە بهێنێت.
 
دۆسیەى "دزیی سەدە" ئەو پارەیەیە لە هەژمارى سپاردەى دارایی بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى باج لە عێراق لە بانکى رافیدەین براوە، زیاتر لە 3.7 تریلیۆن دینار بووە، کە لەڕێگەى پێنج کۆمپانیاوە لەنێوان ئابى 2021 و ئەیلوولى 2022 لەو بانکە برا.
 
سەرۆکى هاوپەیمانیى خەدەمات 26ـى تشرینى یەکەمى 2025 لە نووسینێکدا لە تۆڕى ئێکس ئاماژەى بەوە داوە، ئەو هەنگاوەى ئەندامەکەى باندى دزیى سەدە بەهۆى ئەوە بووە پارێزبەندیى سیاسیى بەهێزى هەیە. 
 
بەگوێرەى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق هەر کەسێک پێشینەى تاوانى هەبێت رێگەى پێنادرێت بۆ ئەو دوو هەڵبژاردنە خۆى بەربژێر بکات.
  
سەرۆکى پەرلەمان: ئەگەر دەرنەچوومەوە زویر نابم
 
مەحموود مەشهەدانى، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق کە بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەربژێرە رایگەیاند، "100% دەردەچم".
 
بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، مەحموود مەشهەدانى، سەرلیستى هاوپەیمانیى سەروەریى نیشتمانییە لە بەغدا کە یەکێکە لە لیستە سوننەکان.
 
مەحموود مەشهەدانى لە چاوپێکەوتنێکى تەلەڤیزیۆنیدا گوتى: "کارى زۆرم بۆ شەقامى سوننە کردووە، بەڵام ئەگەر دەرنەچم زویر نابم."
   
سەرلیستى هاوپەیمانیی سەروەریى نیشتمانى ئاماژەى بەوەدا رکابەرى هەڵبژاردن لەنێوان لایەنەکانى پێکهاتەى سوننە هەیە وەک چۆن لەنێوان لایەنە کوردى و شیعەکاندا هەیە و ئەوەشى بە دیاردەیەکى سرووشتى وەسف کرد.

 

  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.