رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە دانیشتنێکی دادگەی سلێمانیدا، سزای لە سێدارەدان بۆ دوو کەس دەرچوو. سەرچاوەیەکی دادگەکە دەڵێ، "تاوانبارەکان پۆلیسێکیان کوشتووە".
بەرپرسێکی باڵای دادوەریی لە دادگەی سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تۆمەتبارەکان سێ کەس بوون، دووانیان بە لەسێدارەدان سزادران و یەکێکیشیان بێتاوان ناسێندرا".
شەوی 21 لەسەر 22ی مانگی یەکی ساڵی 2024، لە شەقامی پیرەمێرد لە شاری سلێمانی، لەکاتی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە، هاوڕێیەکی تۆمەتبارەکە تەقەی لە هێزە ئەمنییەکان کرد و بەهۆیەوە پۆلیسێک بەناوی رزگار ئەحمەد، تەمەن 40 ساڵ کوژرا.
سەرچاوەکەی دادگەی سلێمانی دەڵێت: "ئەوانەی بە لە سێدارەدان سزا دراون کوشتنی پۆلیسەکەیان بەسەردا ساخبووەتەوە".
لە هەرێمی کوردستان سزای لەسێدارەدان جێبەجێ ناکرێت. دادگەی سلێمانی دەڵێ: "دادوەر بەگوێرەی یاسای بەرکار سزا دەدات، جێبەجێکردن لە ئەستۆی دادگە نییە، ئەگەرنا لە ساڵی 2003ـەوە هیچ سزایەکی سێدارە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراوە".
ئەو پۆلیسەی گیانی لەدەستدا، 15 ساڵ بوو پۆلیس بوو؛ باوکی چوار منداڵ بوو، یەکێک لە داوای کەسوکارەکەی لە سێدارەدان بوو بۆ بکوژان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ