رووداو دیجیتاڵ
سبەی بەشێکی دیکە لە پارەی گەنمی جووتیاران لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دابەش دەکرێت. بەرپرسانی سایلۆکانی هەولێر و دهۆک دەڵێن، ئەوان پارەیان دابەش کردووە و چاوەڕوانی گوژمەی نوێی پارەن. بەرپرسێک لە وەزارەتی بازرگانی دەڵێ: "گوژمەیەک پارە دێت لە پێشتر زیاترە."
تاوەکو ئەمڕۆ دوو گوژمە پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە نێردراوە؛ گوژمەی یەکەم 57 ملیار دینار بوو کە بەم شێوەیە بوو: 25 ملیاری بۆ سلێمانی و هەڵەبجە، 20 ملیار دینار بۆ هەولێر و 12 ملیار بۆ دهۆک. گوژمەی دووەمیش 6 ملیار بۆ سلێمانی کە هەڵەبجەشی لەگەڵە، 5 ملیار بۆ هەولێر و 5 ملیار و 500 ملیۆن بۆ دهۆک.
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گوژمەی یەکەم بە تەواوی خەرج کراوە. گوژمەی دووەم کە 6 ملیارە لە سبەیەوە دابەشکردنی دەستپێدەکەین."
لەبارەی هەولێرەوە، میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "5 ملیاری بەشی دووەممان دابەشکردووە. چاوەڕوانی گوژمەیەکی دیکەی پارەی جووتیارانین، کە تاوەکو ئەمڕۆ زۆرینەیان پارەیان وەرنەگرتووە."
نازم محەممەد، بەڕێوەبەری سایلۆی دهۆک ئەمڕۆ بە رووداوی گوت: "ئێمە ئەوەی تاوەکو ئەمڕۆ گەیشتووە دابەشمان کردووە بەسەر جووتیاراندا."
پارەی گەنمی ئەم ساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لای حکومەتی عێراق 310 ملیار دینار بوو و تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا 72 ملیار دینار نێردراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەغدا تاوەکو ئەمڕۆ یەک لەسەر چواری پارەی گەنمی جووتیارانی ناردووە، بەڵام بەڵێن دراوە لە ماوەیەکی نزیکدا گوژمەیەکی زۆری پارە بنێرێت، لەگەڵ گەیشتنیدا دابەشی دەکەین."
وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان 10ـی حوزەیران دەستیپێکرد و تاوەکو 20ـی تەممووز بەردەوام بوو.
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بە نرخی 850 هەزار دینار بۆ تۆنێک وەرگرت، کە بەهاکەی زیاترە لە 300 ملیار دینارە.
پشکی گەنمی وەرگیراوی پارێزگاکانی سلێمانی بە هەڵەبجەشەوە 158 هەزار تۆن بوو، هەروەها پشکی گەنمی وەرگیراو لە پارێزگای هەولێر 122 هەزار و تۆن و دهۆکیش نزیکەی 118 هەزار تۆن بوو.
پاریش حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، بەڵام ئەم ساڵ بڕەکەی کەم کردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ