رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا داوای لەو سەرباز و پێشمەرگانە کرد، کە لەچوارچێوەی لیوای 20ـی هاوبەشی عێراق یەکخراون، رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو پەیوەندی بە سەنتەرەکانی راهێنان لە سێ پارێزگای عێراق بکەن، بەمەبەستی دەستبەکاربوونیان.
رۆژی دووشەممە، 27-11-2023، وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا داوای لە سەرباز و پێشمەرگەکانی لیوای 20ـی هاوبەشی عێراق کرد، لە رۆژی شەممەوە (2-11-2023) پەیوەندیی بە سەنتەرەکانی راهێنان لە پارێزگاکانی، کەرکووک، دیالە، نەینەوا بکەن بۆ ئەوەی دەستبەکارببن و دواتر دەست بە مەشق و راهێنان و پڕچەککردن و دواتر بڵاوکردنەوەیان بکرێت.
هاوکات، گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، رۆژی 2-12-2023 هێزەکانی لیوای 20 دەستبەکاردەبن و شوێنی مەشقەکانیان لە دیالە، موسڵ و کەرکووک دەبن.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو لە پارێزگای کەرکووک ئەو سەرباز و پێشمەرگانە لە بنکەی سەربازیی کەیوان و لە پارێزگای دیالە لە بنکەی سەربازیی کەرکوش، لە پارێزگای نەینەواش لە بنکەی سەربازیی قەرەقوش مەشق و راهێنانیان پێدەکرێت.
بڕیارە وەزارەتی بەرگریی عێراق سبەی سێشەممە،28-11-2023، یان چوارشەممە،29-11-2023، ناوی ئەو کەسانە بڵاوبکاتەوە لە چوارچێوەی ئەو لیوا هاوبەشەدا یەکخراون بەمەبەستی بڵاوکردنەوەیان لە ناوچەکانی بۆشایی ئەمنی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق.
مانگی ئابی ساڵی 2021، وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق گەیشتنە رێککەوتن لەبارەی پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ئەوەی لەو ناوچانە بڵاوبکرێنەوە کە بۆشایی ئەمنین لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و چەکدارانی داعش سوودیان لێوەردەگرن بۆ هێرشکردن.
لیوای 20ی هاوبەش زیاتر لە 3,700 پێشمەرگە دەبێت و مووچە و پڕچەککردنیان لەسەر وەزارەتی بەرگریی عێراقە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ