رووداو دیجیتاڵ
پارتی دیموکراتی کوردستان پێشنیاز بۆ لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکات، راستەخۆ کۆبوونەوەی لووتکە بکرێت بۆ یەکدەنگی کورد لە بەغدا. بەرپرسانی یەکگرتوو و کۆمەڵ دەڵێن، پێشنیازەکەی پارتییان رەتنەکردووەتەوە، بەڵام ئەوانیش پڕۆژەی خۆیان هەیە.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ رووداو، پێشنیازی یەکدەنگیی کورد دەدرێتە لایەنەکانی یەکێتی، هەڵوێست، یەکگرتوو، نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەری و داوا دەکەن، کۆبوونەوەیەک لە ئاستی لووتکەی حیزبەکاندا بکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، پارتی پێشنیازەکانی داوەتە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری کوردستان و رۆژانی داهاتوو دەیداتە لایەنەکانی دیکەی براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە پێشنیازمان کردووە لیژنەیەک لە مەکتەبی سیاسیی حیزبەکان بە ئامادەبوونی ئەندامێکی دەرچووی پەرلەمانی عێراق بۆ یەکدەنگی کورد کۆببنەوە و ئامادەکاریی بۆ کۆبوونەوەی لوتکە بکەن".
لەبارەی پێشنیازەکەی پارتییەوە بۆ کۆبوونەوەی لووتکە، عەبدولستار مەجید گوتی: "راستە ئەوە پێشنیازی ئەوان بووە بۆ ئێمە، ئێمەش پێشنیازی خۆمان هەبووە، بەڵام ئەوەی ئەوانیش رەتناکەینەوە و بۆ ئێمە کێشە نییە و ئاساییە لامان، بێگومان ئەوەی خۆمان لا باشترە".
د. سەڵاحەدین بابەکر، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە دەستپێشخەری خۆمان داوەتە ئەو شەش لایەنەی کە کورسی پەرلەمانی عێراقیان بردووەتەوە، کۆبوونەوەی یەکەم لە ئاستی مەکتەبی سیاسیی بکرێت و دواتر نەخشەڕێگەیەک بۆ کۆبوونەوەی لووتکە دابنرێت و لەوێ واژۆ بکرێت".
لەبارەی پێشنیازەی پارتییەوە د. سەڵاحەدین بابەکر گوتی: "ئەوان داوای کۆبوونەوەی لووتکەیان کرد، ئەوە وەکو کێشەیەکی هونەرییە، کە کام کۆبوونەوە لەپێشتر بێ، ئێمە ئەوەمان پێ باشبووە و پارتیش بۆچوونی خۆیان، هەردوولامان تاوتوێی پێشنیازەکان دەکەین".
گوتەبێژی یەکگرتوو گوتی: "ئێمە پێشنیازی پارتی لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی تاوتوێ دەکەین و دواتر قسەمان دەبێ، هەروەکو چۆن ئەوانیش پێشنیازی ئێمە تاوتوێ دەکەن".
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پارتی لەسەر ئاستی لیستە کوردستانییەکان زۆرترین کورسی بە دەستهێنا، کە 27 کورسی بوو، یەکێتی 18 کورسی، هەڵوێست 5 کورسی، یەکگرتوو 4 کورسی، نەوەی نوێ سێ کورسی و کۆمەڵ یەک کورسی بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ