رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست لە وەزارەتی خوێندنی باڵا داوا دەکەن، زانکۆکان رێکارەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیان تەواو بکەن بۆ ئەوەی گرفت بۆ مووچەیان دروست نەبێت. بەرپرسێکی وەزارەتەکەش دەڵێ، گرێبەستەکان نوێ دەکرێنەوە.
محەممەد نەجیب، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەستی خوێندنی باڵا، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "داواکارین زانکۆکان دۆسیەی گرێبەستەکان پێش کۆتایی ساڵ بنێرن بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ ئەوەی رێکارەکانی نوێکردنەوەیان زوو تەواو بکرێت و گرفت بۆ مووچەیان لە ساڵی نوێدا دروست نەبێ".
بە گوتەی محەممەد نەجیب، تاوەکو ئەمڕۆ بەشێکی زانکۆکان دۆسیەی گرێبەستەکانی خوێندنی باڵایان نەناردووە بۆ وەزارەت. گوتیشی: "سەرەتای ئەم ساڵ بەهۆی درەنگکەوتنی نوێکردنەوەی گرێبەستەکان دابەشکردنی مووچەی بەشێکی مامۆستایان بۆ ماوەیەک دواکەوت".
هیوا سەمەد یەکێکی دیکەیە لە نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کێشەی نوێنەکردنەوەی گرێبەستمان نییە و نوێ دەکرێنەوە، بەڵام ئەوەی پێویستە بکرێت ئەوەیە لەکاتی خۆیدا نوێ بکرێتەوە بۆ ئەوەی هیچ گرفتێک بۆ مووچە دروست نەبێت".
هیوا سەمەد ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان چاویان لەوەیە ساڵی داهاتوو هەموویان بکرێنە هەمیشەیی؛ گوتیشی: "بە هەمیشەیی بکرێین لەلایەن عێراقەوە وەکو چۆن بۆ گرێبەستەکانی خۆیان کردوویانە، ئەوکاتە ئەرکێکی قورس لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لادەچێت".
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ لەمپەرێک لە نوێکردنەوەی گرێبەستی خوێندنی باڵا نییە و دڵنیاییان پێدەدەین، کە گرێبەستی هەموویان لەکاتی خۆیدا نوێ دەکرێتەوە".
مامۆستایانی گرێبەست لە خوێندنی باڵا ژمارەیان نزیکەی چوار هەزار کەسە و لەسەر بڕیاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئۆکتۆبەری ساڵی 2024 لە وانەبێژییەوە کرانە گرێبەست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ