رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر رایگەیاند، لە ماوەی هەفتەیەکدا بەهۆی بلاک فرایدەیەوە، کۆمەڵێک شوێن داشکاندنی ساختەیان کردووە، بۆیە دووانیان داخراون، 15یان بە پێبژاردن سزادراون و 8ـی دیکەش بەڵێننامەیان پێ پڕکراوەتەوە.
بلاک فرایدەی یان "هەینیی رەش"، گەورەترین رۆژی بازاڕکردن و داشکاندنە لە جیهاندا و تێیدا کۆمپانیاکان، براندە جیهانییەکان و بازاڕەکانی ئۆنلاین داشکاندنی گەورە بۆ کاڵاکانیان دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆمەڵێک شوێن داشکاندنی ساختەیان کردووە؛ لە دەرەوەی دووکانەکانیان پۆستەریان هەڵواسیوە لەبارەی رێژەی داشکاندنەوە، بەڵام کە دەچیتە نێو دووکانەکە ئەو داشکاندنە نەکراوە کە لە دەرەوە ئاماژەی پێکراوە، ئەمەش رێگەپێدراو نییە."
بە گوتەی هۆگر عەلی، دوو دووکان رێژەی سەرپێچییەکەیان زۆر بووە و ئەو داشکاندنەی بانگەشەیان بۆ کردووە، لە راستییەوە دوور بووە، بۆیە داخراون.
15 دووکانی دیکەش بە پێبژاردن سزادراون. بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر گوتی: "پێبژاردنەکەیان لە 50 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو ملیۆنێک و نیو؛ ئەوانە رێژەی سەرپێچییان بەو رادەیە نەبووە کە بگاتە ئاستی داخستن؛ 8 شوێنی دیکەش بەڵێننامەیان پێ پڕکراوەتەوە."
لەبارەی شێوازی داشکاندن، هۆگر عەلی، خاوەنی هەموو شوێنەکان ئاگادار دەکاتەوە، پێویستە سەرەتا "بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانیی هەولێر لە داشکاندنەکەیان ئاگادار بکەنەوە، لە لیستێکدا هەموو ئەو کاڵایانە بنووسن کە داشکانیان بۆ دەکرێت، لەگەڵ رێژەی داشکاندنەکەیان."
9 لیژنەی چاودێریی بازرگانی لە پارێزگای هەولێر بەردەوامن لە گەڕان و پشکنینی مەیدانی. بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر گوتی: "هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە و هەر شوێنێک سەرپێچی بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر."
بلاک فرایدەی هەموو ساڵێک دەکەوێتە دوایین هەینیی مانگی 11 و لە ئەمریکا سەری هەڵداوە (رۆژی دوای جەژنی سوپاسگوزاری)، بەڵام ئێستا بووەتە بۆنەیەکی گەورەی بازاڕکردن و فرۆشتنی کاڵا لە سەرانسەری جیهاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ