رووداو دیجیتاڵ
سەنتەری میترۆ رایگەیاند، دوای هێرشی "تیرۆریستی" بۆ سەر كیڵگەی گازی كۆرمۆر هەندێك میدیا و پەیجی فەیسبوك "تۆمەت دەبەخشنەوە و ململانێ سیاسییەكان تووند دەكەنەوە بێ ئەوەی بزانن تێکدانی ئاسایشی نەتەوەییە". بەڕێوەبەری سەنتەرەکە دەڵێت: "دۆخی کوردستان، شەڕی میدیایی هەڵناگرێت".
راگەیێندراوی سەنتەرەکە پێنجشەممە 27-11-2025 بڵاوکراوەتەوە و داوا لە میدیاكانی هەرێمی كوردستان دەكات، بۆ رووداوە نەخوازراوەكانی هەرێمی كوردستان "پیشەییانە و بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بكەن و دووربكەونەوە لە رای پێشوەختە".
میترۆ داوا لە میدیاکان دەکات: "نەبنە هۆكاری نانەوەی پشێوی و گەرمكردنی دووبەرەكی لە نێو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، ململانێ و ئەجێندای حیزبی و تایبەتی تێكەڵ بە بابەتە هەستیارەكان نەكرێت".
دیاری محەممەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەمانەوێت کەس پێش لێکۆڵینەوەکان نەکەوێت و هیچ کەس و لایەنێک تۆمەتبار نەکەن تاوەکو ئەنجامەکان ئاشکرا دەبن، کە کێ لەپشت هێرشەکانەوەیە".
بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ گوتی: "دۆخی کوردستان ئەم شەڕەی نێو میدیاکان هەڵناگرێت، کە ئێستا میدیا بۆ ئاراستەکردنی تایبەت بەکاردەهێندرێت و لێکەوتەی خراپی دەبێت، خەڵک خۆی ماندووە بە دەست ژمارەیەک قەیران و نەبوونی مووچەوە، ناکرێ شەڕێکی نوێی ناپێویستی میدیایی بۆ دروست بکرێت".
سەنتەری میترۆ کە ئەرکیان داکۆکیکردنە لە مافی رۆژنامەڤانان و ئازادی رادەبڕین رایگەیاندووە: "دوای هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر كیڵگەی گازی كۆرمۆر، چەند میدیا و پەیجێك لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكان لە هەرێمی كوردستان سەرەڕای تازەیی رووداوی بۆردوومانەکە و پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە و ئیدانەكردنی [لەلایەن] وڵاتانی زلهێزی جیهانەوە، بەبێ ئەوەی كەس تۆمەتبار بكەن بەو هەموو توانا ئەمنییە گەورەیەیانەوە، كەچی هەندێك میدیا و پەیجی فەیسبووكی نزیک لە دەسەڵات بە ئەنقەست و دوور لە جێبەجێكردنی پرەنسیپەكانی رۆژنامەوانی تۆمەت دەبەخشنەوە و ململانێ سیاسییەكان تووند دەكەنەوە، بەبێ ئەوەی بزانن ئەمەش تێکدانی ئاسایشی نەتەوەییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ